زاری كرمانجی-سۆران
ڤیتامین C، كە پێشی دەوترێت ترشی ئەسكرۆبیك، بە چەندین شێوە لە جەستەدا سودی لێدەبینرێت، بەتایبەتی بۆ ماسلوكە، ئێسك و پاراستنی لەش.
جەستە خۆی ئەم ڤیتامینە بەرهەم ناهێنێت، دەبێت لە رێگەی خۆراكەوە بەدەستی بهێنیت، ماڵپەڕی Insider سودەكانی ئەم ڤیتامینەی بۆ جەستە بڵاوكردوەتەوە.
سودەكان:
- سیستمی بەرگری جەستە بەهێزدەكات، لە دژی نەخۆشییە وەرزیەكان و نەخۆشییەكانی دیكەش دەجەنگێت، بۆئەوەی سیستمێكی بەرگری بەهێزت هەبێت، پێویستە رۆژانە 100 بۆ 200 ملیگرام بخۆیت.
- دژە ئۆكسانە و خانەكانی جەستە لە زیان دەپارێزێت، هەروەها ئەو خانانە چاك دەكاتەوە كە بە هەر هۆكارێك بێت زیانیان بەركەوتوە، وەكو جگەرە.
- دژی نەخۆشییەكانی دڵە، وەكو بەرزی پەستانی خوێن و جەڵتە.
- سودی گرنگی هەیە بۆ پێست، یارمەتی دروستكردنی كۆلاجینی پێست دەدات و دەیپارێزێت.
- یارمەتی مژینی ئاسنی خوێن دەكات، بۆ ئەو كەسانەی گرفتی كەمی ئاسنی خوێنیان هەیە، پێویستە لەگەڵ ئەو خۆراكانەی ئاسنی تێدایە گرنگی بەم ڤیتامینەش بدەن.
باشترین سەرچاوەكانی ئەم ڤیتامینە:
بیبەری شیرین، كیوی، شلیك، پرتەقاڵ، پاپایا، برۆكۆلی، تەماتە، سپێناغ، دۆشاوی تەماتە، كەلەرم، پاقلەمەنییەكان، قەڕنابیت، لیمۆ، سندی، لالەنگی، شوتی، كاڵەك، ترێ، كەرەوز و زەعفەران.































































