بەڕێوەبەری گشتیی وەزارەتی بازرگانیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەڵێت، چوار ھەزار مۆڵەت بۆ ھاوردەکردنی کاڵا بە بازرگانان دراوە، لەگەڵ 170 مۆڵەت بۆ ھەناردەکردنی بەرھەمی ناوخۆ، بۆ ئاسانکاریی پێدانی مۆڵەتیش نووسینگە لە دەروازەکان دەکرێنەوە و لەوێ مۆڵەت بە بازرگانان دەدرێت.
نەوزاد شێخ کامیل، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، “ساڵی 2024 جموجۆڵی بازرگانی بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو زیادی کردبوو، کە چوار ھەزار مۆڵەت بە بازرگانان دراو بۆ ھاوردەکردنی کاڵا بۆ ھەرێمی کوردستان لە رێگەی دەروازەکانەوە، کە شەش ملیار دۆلار رەسیدیان بۆ ھاوردەی کاڵا دانابوو، بەراورد بە ساڵی 2023ش، 150 مۆڵەت زیادی کردووە.
لەبارەی ھەناردەی بەرھەمی ناوخۆش بۆ دەرەوە، نەوزاد شێخ کامیل گوتی، ” ساڵی 2024 لە ھەرێمی کوردستان 170 مۆڵەتی ھەناردەشمان داوە، کە بەرھەمی ناوخۆ ھەناردەی وڵاتان کراوە وەکو کەرستەی لەکارکەوتوو و ھەناردەی بەرھەمی کشتوکاڵی بە ھەموو جۆرێکەوە وەکو ھەنار و پەتاتە و بەرھەمی دیکەی ناوخۆ.
بەڕێوەبەری گشتیی وەزارەتی بازرگانی دەشڵێت، “بەردەوام کار دەکەین بۆ ئاسانکاری بۆ بازرگانان بۆ ئەوەی جموجۆڵ و قەبارەی بازرگانی زیاتر بێت و ئێستا بەنیازین نووسینگە بازرگانییەکان ببەینە خاڵە سنوورییەکان و لەوێ مۆڵەت بە بازرگانان بدرێت وەکو ئاسانکاری بۆ بازرگانان، بۆ ئەوەی دوانەکەون لە وەرگرتنی مۆڵەت و بۆ باجیش ئەوەی پێمان بکرێت ئاسانکارییان بۆ دەکرێت، چونکە لە ھەرێمی کوردستان ژمارەی بازرگانمان گەلێک زۆرە.
شێخ کامیل ڕوونیشی کردەوە، “بەردەوام ھەوڵ دەدەین پەیوەندیی زیاتر لەگەڵ وڵاتان بۆ کاری بازرگانی دروست بکەین و ھەرچی شاندی وڵاتان دێت چاومان پێیان دەکەوێت و رێککەوتنیان لەگەڵ دەکەین و چەندین پێشانگاش بۆ ناساندنی بەرھەمەکانیان کراوەتەوە و ئێمەش بەشداریمان تێدا کردوون و ھەوڵەکانمان بەردەوامن، بۆ ئەوەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی زیاتر بکرێت، چونکە ئێستا ئاڵوگۆڕی بازرگانیمان لەگەڵ زۆرینەی وڵاتانی جیھان ھەیە، وەکو ھیندستان و ئەورووپا و ئەمەریکا و وڵاتانی کەنداو و ئێران و تورکیا.