سەردار قازی – ڕواندز:
ماوەی چەندین ساڵە هاووڵاتییانی دۆڵی ئاکۆیان لە سنووری ڕواندز داوای پرۆژەی ئاوی خواردنەوە دەکەن، بەڵام تا ئێستا نەچووەتە واری جێبەجێ کردن، قایمقامی قەزاکەش دەڵێت” بەم نزیکانە هەنگاوە کردەیییەکان دەست پێ دەکەن.”
لە ماوەی ڕابردوو ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم، ڕەزامەندی دەربڕی بۆ ڕاکێشانی تۆڕی ئاو بۆ بەشێک لە گوندەکانی سنووری قەزای ڕواندز، چونکە ساڵانێکە بە تانکەر ئاو بۆ دانیشتووانی سنوورەکە دابین دەکرێت.
ئەحمەد قادر، قایمقامی قەزای ڕواندز وردەکاری لەبارەی پرۆژەکە دەخاتە ڕوو: ” گهياندنى ئاو به تانكهر له چوارچێوهى پرۆژەی نەهێشتنی وشکەساڵی بەردەوامی هەیە، بڕیار دەرچووە و دەرخستەی تەواو کراوە، ماوەتەوە سەر ئەوەی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار هەنگاوەکان بکاتە کردەیی.”
دۆڵی ئاکۆیان، کە بە دۆڵاکۆ ناسراوە لە 10 گوند پێک دێت، تاوەکوو ئێستا ئەم 10 گوندە پرۆژەی ئاویان بۆ نەکراوە و دانیشتووانەکەی گرفتارن بەهۆی نەبوونی ئاو، تەنانەت ئاو بۆ ڕەز و باخ و کشتوکاڵکردنیش نییە.
ئەحمەد قادر، ئاماژە بەوەش دەدات:” بەم زووانە بردنی ئاو بە تانکەر نامێنێت و دانیشتووانی ئەو گوندانە ئاویان دەبێت.”
قەزای ڕواندز 19 گوند لە خۆ دەگرێت، ڕووبەری زەوی ئاوی (20707) دۆنمە زەوییەکان زیاتر گڵە سوورن وە بەشێکی تێکەڵاوە.
ڕێژەی باران بارین لە ساڵێک بۆ ساڵێکی تر دەگۆڕێت لە 400 ملم تاوەکوو 1200 ملم باران دەبارێت. لە ساڵانی دوایی بەهۆی وشکە ساڵی باران بارین بە ڕێژەیەکی زۆر کەم بووەتەوە، بەڵام لە ساڵانی حەفتا و هەشتاکان باران دەگەیشتە 1200 ملم.