بەختیار سەباح-ڕواندز:
بەڕێوەبەرى گەشتوگوزارى ڕواندز دەڵێت: ” بەبۆنەى پشووى سەرى ساڵ پێشبینى هاتنى 200 هەزار گەشتیار دەکەین بۆ شوێنە گەشتیارییەکانى سنوورى ڕواندز.
پارێز یوسف، لەمبارەیەوە بە زارى کرمانجى ڕاگەیاند: ”بۆ پشووى سەرى ساڵ و پێشوازى لە گەشتیاران ئامادەکارى تەواومان کردووە، چەند رۆژێک پێش ئێستە بە ئامادەبوونى لایەنە پەیوەندیدارەکانى ڕواندز کۆبوونەوەیەک لە دیوانى قایمقامیەت بەڕێوەچوو، شوێنە گەشتیارییەکانیش ئامادەکاریان کردووە”.
هەروەها گووتیشى: ”بۆ پشووى سەرى ساڵ پێشبینى هاتنى 200 هەزار گەشتیار دەکەین، بۆ شوێنە گەشتیارییەکانى سنوورى ڕواندز، لە ئێستەوە تەواوى هوتێل و موتێل و خانووى گەشتیاریى گیراون”.
لەبارەى گرفتى هاتووچۆى گەشتیاران بەهۆى داخرانى ڕێگەى گەلى عەلى بەگ، ئاماژەى بەوەکرد، ڕاستە هاتووچۆى ئۆتۆمبێل کەوتووەتە ڕواندز و قەرەبالغى دروست دەبێت، بەڵام تا ئێستە کێشەیەکى وا دروست نەبووە، بە هەماهەنگى بەڕێوەبەرایەتى پۆلیسى هاتووچۆى سۆران، لە زۆربەى شوێنەکان تیم و مەفرەزەى پۆلیسى هاتووچۆى لێ دانراوەو بۆ ئەوەى هیچ گرفتێک دروست نەبێت”.































































