زارى کرمانجى:
سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بەوە دا، ترەمپ قسەی لەگەڵ سوودانی کردووە و پێی گوتووە: دەبێت چەک تەنیا لە دەستی دەوڵدا بێت.
مەحموود مەشهەدانی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند “دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمەریکا بە محەممەد شییاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراقی گوتووە، پێویستە چەک لە دەستی دەوڵەتدا بێت نەک گرووپە چەکدارەکان.”
لەبارەی وەڵامی سوودانی بۆ داواکەی ترەمپ، مەشهەدانی باسی لەوە کرد “حکوومەتی عێراق کار دەکات تاوەکوو هەموو جۆرە چەکێک لە دەستی دەوڵەتدا بێت.”
سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەش کرد “گرووپە چەکدارەکان هێرشەکانیان بۆ سەر هێزەکانی ئەمەریکا وەستاندووە و بەم نزیکانەش بوونی هێزەکانی ئەمەریکا یاسایی دەکرێت.”
لەبارەی پێشهاتەکانی سووریاش، مەشهەدانی جەختی لەوە کردەوە، سەردانی چەند ڕۆژی ڕابردووی شاندێکی عێراقی بۆ دیمەشق “ئەرێنی بووە.” لەبارەی هەڵوێستی ئێرانیش، گوتی: “ئێران لەوەی لە سووریا ڕووی دا، زۆر نیگەران و ناڕازییە.”

































































