جەنگی جیهانی سێیەم و ڕووبەڕووبوونەوەی مرۆڤ و بوونەوەرە ئاسمانییەكان ڕوو دەدات
مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
بابا ڤانگا ی بە ڕەچەڵەك بولگاری كە بە نۆستراداموسی باڵكان ناسراوە، لە پێشبینییەكانیدا بۆ ساڵی 2025 باس لەوە دەكات لەگەڵ ڕووخانی سووریا، هەڵگیرسانی جەنگی جیهانی سێیەم و لەناوبردنی ڕۆژئاوا لەلایەن ڕۆژهەڵاتەوە ڕوو دەدەن و دەشڵێت هەر لەم ساڵەدا شەڕی مرۆڤ و بوونەوەرە ئاسمانییەكان و ململانێیەك لە نێوان وڵاتانی زەوی و هێزە دەرەكییەكان لە بۆشایی ئاسمانەوە سەر هەڵدەدات.
پێشتر بابا ڤانگا پێشبینی شەڕی جیهانی دووەم و داڕمانی یەكێتی سۆڤیەت و هێرشی 11ی سێپتەمبەری سەر تاوەرە دووانەكانی ئەمەریكا و هەڵبژاردنی ڕەش پێستێك بۆ سەرۆككۆماری ئەمەریكا (باراك ئۆباما) ی كردبوو.
ئەگەرچی ڤانگا 28 ساڵە لە ژیان نەماوە، بەڵام بەهۆی ئەو پێشبینییە وردانەی بۆ ڕووداوەكانی جیهان بەجێهێشتوون ناوبانگێكی زۆری پەیدا كردووە، كە بەشێكیان بە پێشبینییەكانی سەدەی 21 ناسراون.
زاری كرمانجی گرنگترین پێشبینییە نوێیەكانی بابا ڤانگا بۆ ساڵی 2025 دەخاتە ڕوو، ئەگەرچی هەندێك لە پێشبینییەكان وا لە مرۆڤەكان دەكات باوەڕیان پێ نەكات، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەندێك لەو پێشبینییانەی بابا ڤانگا كردوویەتی لە ڕابردوودا ڕوویانداوە و ئەمەش وا لە مرۆڤ دەكات باوەڕ بكات.
بەپێی پێشبینییە گریمانەیییەكانی ڤانگا لە ساڵی 2025 دا، جیهان كۆمەڵێك پێكدادان و ناجێگیریی سیاسیی بە خۆییەوە دەبینێت.
بابا ڤانگا پێشبینی كردووە كە لە ساڵی 2025 دا شەڕێكی گەورە لە ئەورووپا هەڵدەگیرسێت، و دانیشتووانی كیشوەرەكە ڕووبەڕووی مەترسییەكی گەورە دەبێتەوە، كە هەر ئەمەش دەستپێكی جەنگی جیهانی سێیەم دەبێت .
بەگوێرەی “خۆر”ی بەریتانی، پێشبینییەكانی داپیرە نابیناكە بۆ ساڵی 2025 ، لەگەڵ پێشبینییەكانی ئەستێرەناسی فەرەنسی میشێل دی نۆستراداموسدا یەك دەگرێتەوە كە دەڵێت “هەر دوو فەلەكناسە بەناوبانگەكە بابا ڤانگا و نۆستراداموس هەمان پێشبینی ترسناكیان بۆ ساڵی 2025 كردووە، كە ڕەنگە ببێتە هۆی لەناوچوونی ئەورووپا،
هاوكات ڤانگا پێشبینی شتێكی كردووە كە زۆر لە مرۆڤەكان ناخوازن ئەو ڕۆژە ببینن، ئەویش شەڕی بوونەوەرە ئاسمانییەكانە لەگەڵ مرۆڤ، كە ئەو بە ترسناكترین شەڕی نێوان زەوی و مەریخ ناو دەبات، واتە ململانێیەك لە نێوان وڵاتانی زەوی و هێزە دەرەكییەكان لە بۆشایی ئاسمانەوە.
لە پێشبینییەكانی ڤانگا، تێكەڵەیەك لە گەشبینی و ڕەشبینی دەبینین، ئەو سەرەڕای باسكردنی لە چەند جەنگێكی گەورە لەم ساڵەدا، بەڵام باسی لەوەش كردووە كە ساڵی 2025 پڕ دەبێت لە داهێنانی زانستی سەرنجڕاكێش هاوكات بە تایبەت داهێنانێك لەلایەن زانستەوە وا دەكات كە مرۆڤ بە نەمری بمێنێتەوە.
ڤانگا پێی وایە “لە كۆتاییدا لە ساڵی 2025 زانایان میكانیزمێك دەدۆزنەوە كە چۆن مرۆڤ بەردەوام بێت لە ژیان،” ئەمە لە كاتێكدایە كە زانایان خەریكە بگەن بە كاركردن لەسەر چۆنیەتی چاندن و كۆپیكردنەوەی شانە و خانەكانی لەشی مرۆڤ لە تاقیگەكان و لە ساڵی 2025 دا بڕیارە بگەنە ئەنجام.
ڤانگا ئەوەشی گوتووە لە ساڵی 2025 چارەسەری ڕیشەیی بۆ شێرپەنجە دەدۆزرێتەوە، ئەم پێشبینییەشی لە كاتێكدایە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ڕووسیا ڕای گەیاند، سەركەوتوو بووە لە دروستكردنی یەكەم ڤاكسینی دژە شێرپەنجە.
ڤانجیلیا پاندێڤا جۆشتێرۆڤا كە بە بابا ڤانگا ناسراوە لە ساڵی 1911 لە بولگاریا لەدایكبووە و ساڵی 1996 كۆچی دوایی كرد.