زاری كرمانجی – سۆران :
پێش ئەوەی دۆناڵد ترەمپ بگەڕێتەوە كۆشكی سپی و سزا نێودەوڵەتییەكان توندتر بكاتەوە، كۆماری ئیسلامی ئێران بەنیازە ڕێككەوتنێكی هەمەلایەنەی هاوكاری لەگەڵ ڕووسیا واژۆ بكات كە ڕەشنووسی ئەو ڕێككەوتنە نزیكەی سێ ساڵ لەمەوبەر ئامادە كراوە. حكوومەتی ئێرانیش لە نێو هاوكارییە بازرگانی و ئابوورییەكان لەگەڵ چیندایە. بۆ ئەم مەبەستەش مەسعود پزیشكیان سەرۆكی حكومەت سەفەری ڕوسیا دەكات.
ڕوز پنج شەممەی رابردوو كازم جەلالی، باڵیۆزی كۆماری ئیسلامی لە مۆسكۆ ڕایگەیاند، مەسعوود پزیشكیان بۆ گەیشتن بە ڕێككەوتنی نێوان ئێران و ڕووسیا كە لە لایەن سەرۆكانی دوو وڵاتەوە واژۆ دەكرێت، دەچێتە ڕووسیا. پێش ئەوە ئیسماعیل باكەیی، گووتەبێژی وەزارەتی دەرەوە لە كۆنفرانسی ڕۆژنامەوانی هەفتانەیدا ڕایگەیاند ” پێدەچێت ڕێككەوتنە نوێیەكەی نێوان ئێران و ڕوسیا تا كۆتایی مانگی یەكی ساڵی نوێ واژۆ بكرێت”.
نیوزویك لە ڕاپۆرتێكدا ڕایگەیاند ” ڕووسیا و ئێران بەنیازن ئاستی پەیوەندییە دووقۆڵییەكان بەرەوپێش ببەن بە واژۆكردنی ڕێككەوتنێكی ستراتیژی نوێ لە ڕۆژانی پێش دەستبەكاربوونی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی هەڵبژێردراوی ئەمریكا”.
بەگوێرەی ئەم ڕاپۆرتە، ڕێككەوتنە نوێیكە پێدەچێت چەند ڕۆژێك پێش دەستبەكاربوونی ترەمپ واژۆ بكرێت، هەوڵی دوو وڵات نیشان دەدات بۆ كۆكردنەوەی خاڵە بەهێزەكانیان لە بەرامبەر پەرەسەندنی گۆشەگیری لەسەر ئاستی جیهانی”.
بە بڕوای بەشێك لە شرۆڤەكاران و سیاسەتمەدارانی ئەمریكی، كۆماری ئیسلامی و ڕووسیا بە “میحوەرێكی ئاژاوەگێڕی” دادەنرێن كە لە زیادبوونی هاوكاری لەگەڵ وڵاتانی وەك چین و كۆریای باكوور، خۆیان وەك نەیارانی زلهێزەكانی ڕۆژئاوا پیشان دەدەن.
لەم نێوەندەدا تاران و مۆسكۆ لە ساڵانی ڕابردوودا كەوتوونەتە ژێر گەمارۆ و ئیدانەكردنی تووندی ئەمریكا و هاوپەیمانەكانی، ڕووسیا بەهۆی هێرشەكەی ساڵی ٢٠٢٢ بۆ سەر ئۆكرانیا و ئێرانیش بەهۆی نیگەرانییەكانی لە هەوڵە شاراوەكان بۆ پەرەپێدانی ئەتۆمی چەك، هەروەها كردەوەی هێزە سەربازییەكانی سەر بە خۆیان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
بە گوتەی سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی ڕووسیا، ڕێككەوتنی نوێی ئێران و ڕووسیا ڕێككەوتنی نێوان هەردوولا بۆ هاوكاریی نزیك لە بواری بەرگریدا بە فەرمی دەكات.































































