مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
ترەمپ فشاری زیاتر دەخاتە سەر دادگای باڵای ئەمەریكا تا قەدەخەكردنی تیكتۆك بوەستێنێت .
ڕۆژی هەینی 27ـى 12ـى 2024، دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی هەڵبژێردراوی ئەمریكا، لە ڕێگەی تیمی یاسایی خۆیەوە لەسەر قەدەخەكردنی تۆڕی كۆمەڵایەتی تیكتۆك داواكارییەكی پێشكەش بە دادگەی باڵای وڵاتەكەی كردووە و لە داواكارییەكە هاتووە “بە لەبەرچاوگرتنی ئاڵۆزیی ئەم دۆسیەیە، دادگە دەبێت ڕەچاوی درێژكردنەوەی دوایین وادە بۆ چارەسەركردنی ئەو بابەتە بكات.”
ئەگەرچی پێشتر ترەمپ لە خولی یەكەمی سەرۆكایەتیدا، دژایەتییەكی زۆری ئەو تۆڕە كۆمەڵایەتییە چینییەی دەكرد و بە بوونی هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانی ئەمەریكای دەزانی و داوای دەكرد كە كۆمپانیایەكی ئەمەریكی بە هاوبەشی لەگەڵ حكومەت تۆڕی كۆمەڵایەتیی تیكتۆك بكڕێت، بەڵام نەكرا، بۆیە كاتی جۆ بایدن، بووە سەرۆكی ئەمریكا واژۆی لەسەر قەدەخەكردنی تیكتۆك كرد .
بەڵام ئێستا ترەمپ بۆچوونی لە بارەی تیكتۆك گۆڕاوە و پاشگەز بووەتەوە لە قەدەخەكردنی و دەڵێت “ئێستا كە بیر لەو بابەتە دەكەمەوە، پاڵپشتی لە تیكتۆك دەكەم، چونكە پێویستیمان بە كێبڕكێیە.”
بەپێی ئامارێكی تیكتۆك زیاتر لە 170 ملیۆن ئەمەریكی ئەپەكەی ئەوان بەكار دەهێنن .
































































