مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی:
تەقینەوەیەكی بەهێز مەنبجەی هەژاند و هێزەكانی سووریای دیموكرات (هەسەدە) ش پەیامێكی بڵاو كردەوە و ڕاگەیاند كە بە هیچ شێوەیەك دەستی لەو تەقینەوەدا نییە و داوای لە خەڵكی شارەكەش كردووە هاوكاریان بن لە دۆزینەوەی بكەرەكانی تەقینەوەكە.
شەوی ڕابردوو ئۆتۆمبێلێك لە بەردەم مزگەوتی گەورەی مەنبەج لە ڕۆژهەڵاتی شاری حەلەبی سووریا تەقییەوە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە 28ی 12ی 2024، ئەنجوومەنی سەربازیی مەنبەجی سەر بە هێزەكانی سووریای دیموكرات (هەسەدە) لە ڕاگەیاندراوێكدا سەر سەركۆنەی تەقینەوەكەی كرد و هەر تێوەگلانێكی هێزەكانیشیان لە هێرشەكەدا ڕەت كردووە و ڕایدەگەیەنێت “بە هیچ شێوەیەك دەستی ئێمەی تێ دانییە،”
هەسەدە لە ڕاگەیاندراوەكەیدا داوا لە دانیشتووانی مەنبەج دەكات هاوكاریان بن لە دۆزینەوەی بكەرە ڕاستەقینەكانی تەقینەوەكە.
مەنبەج ساڵی 2014 لە دەستی داعش بوو، ساڵی 2016 لە لایەن هێزەكانی سووریای دیموكرات شارەكە ئازاد كراو 9 ی ئەم مانگەش كەوتە ژێر دەسەڵاتی گرووپە چەكدارەكانی نزیك لە توركیا.