محەممەد مەحموود- سۆران؛
دوای ئەوەی ئەمڕۆ بەیانی ئۆتۆمبێلێکی بارهەڵگر خۆی کێشا بە پردی یەکەمی گەلی عەلی بەگ بەو هۆیەشەوە بەشێکی زۆری پردەکە تێکچووە و رێگاکە داخراوە و شۆفێران و هاووڵاتییان وەک رێگای بەدیل رێگای بێخاڵ ، رواندز دەبێت بەکاربهێن تاکو ئەو پردە چاکدەکرێتەوە، بەڕێوەبەری پاراستن و چاککردنەوەی رێگاو بانی سۆرانیش دەڵێت ” لە بەیانییەوە تیمەکانمان لەگەڵ کۆمپانیایەکی تایبەتمەند رێکارەکانی چاککردنەوەی ئەو پردە دەستپێدەکەن.
ئەندازیار خوسرەت سادق، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی چاککردنەوە و پاراستنی رێگاوبانی سۆران، بە زاری کرمانجی راگەیاند” تیمەکانمان لە بەیانییەوە لەگەڵ کۆمپانیایەکی تایبەتمەند بە دروستکردن و چاککردنەوەی پردەکان دەستدەکەن بە رێگە چارەی گونجاو بۆ چاککردنەوەی ئەو پردەی ئەمڕۆ لە گەلی عەلی بەگ تێکچووە”.
بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی چاککردنەوەو پاراستنی رێگاوبانی سۆران گوتیشی” پردەکە لە نوێوە دروست ناکرێتەوە تەنها ئەو بەشەی زیانی بەرکەوتووە چاکدەکرێتەوە، ئەگەر کەش و هەوا لەبار بێت و بارانی زۆر نەبارێت کە ببێتە هۆی زۆر بوونی ئاستی ئاوی رووبار، چونکە دەبێت کۆنکرێتی پردەکە بەتەوای دیار بێت بۆ ئەوەی تیمەکانمان بتوانن ئەو بەشەی تێکچووە بەرزی بکەنەوە”.
ئاماژەی بەوەشدا” زۆر بوونی ئاستی ئاوی رووبار گرفتمان بۆ دروست دەکات، ناتوانین کاتێکی دیاری کراو دەستنیشان بکەین بۆ چاککردنەوەی،ئێمە لەگەڵ ئەو کۆمپانیایە هەوڵی جدی دەدەین بۆ ئەوەی ئەو پردە چابکرێتەوە، چونکە قەرەباڵغێکی زۆر لەسەر ئەو پردە هەیە، جگە لەوەی ئۆتۆمبێلی بارهەڵگریش بەسەر ئەو پردە هاتووچۆ دەکەن، ئەمەش قوڕساییەکی زۆر دروست دەکات، بۆیە دەبێت تەواو دڵنیابین لە کاتی چاککردنەوەی ئەو پردە سەلامەت و گونجاو بێت بۆ هەموو جۆرە ئۆتۆمبێلێک کەوا هاتووچۆی بەسەر دادەکەن.