زارى کرمانجى:
ئەمڕۆ سێشەممە، ٢٤ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤، وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ڕاگەیەندراوێکی ١٧ خاڵی ڕێنمایی بە مەبەستی بەردەوامیی خزمەتگوزاریی تەندروستیی و پزیشكییەكان لە ڕۆژانی پشووی سەری ساڵ و خۆپارێزیی هاووڵاتییان، بڵاو کردەوە.
ڕێنماییەکانیش ئەمانەن:
١. دانانی لێژنەی بەدواداچوون لە سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییە گشتیی و نەخۆشخانەکان.
٢. بۆ هەر کارێکی پێویست و لەناکاو، پێویستە هێلی گەرمی پەیوەندیی هەبێت.
٣. لە کاتی پێویستدا کۆگاکانی دەرمان و پێداویستی پزیشکی و تاقیگەیی لە سەرجەم شار و شارۆچكەکان، کراوە دەبن.
٤. پابەندبوونی پزیشکانی پسپۆڕ و نیشتەجێی دێرین و خولاو و پەرستار و کارمەندانی تەندروستیی بە دەوامی ئێشکگری.
٥. هاتنە ژوورەوەی ڕاگەیاندن تەنیا لە ڕێگای ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتییەکان دەبێت.
٦. ئاماری ڕۆژانە دەبێت لە ماوەی (٢٤) سەعات لە ڕێگای پەیوەندیی مۆبایلەوە لە (٨) ی بەیانی تا (٨) بەیانی و ڕۆژی دوایی ڕەوانە بکرێت بۆ بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکان.
٧. ڕۆژانە فۆرمی تایبەت بە ئامارەکان ڕەوانە بکرێت بۆ بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکان.
٨. ئامادەباشی بۆ ئەمبولانس و دابینکردنی گاز و بەنزین بکرێت.
٩. بەدواداچوونی بەردەوام بۆ پڕۆژەکانی خاوێنکردنەوە و دابینکردنی خۆراك بکرێت.
١٠. هێڵەکانی مۆبایلی بەرپرس و (مستلم)ی بەشەکان کراوە بێت و وەڵام بدرێتەوە.
١١. نەخۆشخانەکانی فریاکەوتن و نۆرینگە دەرەکییەکان کراوەبن و هەموو سەردان و زانیارییەکان تایبەت بە نەخۆش تۆمار بکەن.
١٢. سەنتەرەکانی پێدانی چارەسەری کیمیایی بۆ نەخۆشانی شێرپەنجە، پێویستە بە شێوەی ئێشکگری کراوە بن.
١٣. بانکی خوێن و خزمەتگوزاری دابینکردنی خوێن پێویستە بە شێوەی ئێشکگری کراوە بێت.
١٤. سەنتەرەکانی شووشتنی گورچیلە پێویستە بە شێوەی ئێشکگری کراوە بن.
١٥. تیمەکانی فریاگوزاری و هێڵی (122) بەردەوام دەبن لە ئەرك و کارەکانیان بە شێوەی (24) کاتژمێر، هۆبەی پزیشکی فریاکەوتنیش خشتەی دابینکردنی تیمەکانی دادەنێت بۆ شوێنەکانی پێویست و گەشتیاری.
١٦. تیمەکانی (پشکنینی ئاوی خواردنەوەی ماڵان و نەخۆشییە گوازراوەکان و چاودێری تەندروستی) بەردەوام دەبن لە بەدواداچونەکانیان بە شێوەی ئێشکگری.
١٧. پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی تەندروستی بۆ ئاوارەکان لە کەمپەکان بەردەوام دەبێت.