مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
ڕۆژنامەیەكی ئەمەریكی لەسەر زاری بەرپرسێكی عێراقی بڵاوی كردووەتەوە لە ئەنجامی گۆڕانكارییەكانی ناوچەكە، لە ئێستادا تێڕوانینی بەرپرسانی عێراق بەرامبەر بە ئەگەری كشانەوەی ئەمریكا گۆڕاوە.
ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆست لە ڕاپۆرتێكی دا زانیاری نوێی لەسەر كشانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا لە عێراق بڵاو كردووەتەوە و ئاشكراشی دەكات كە ئەگەری هەیە بەغدا بە شێوەیەكی فەرمیی داوای درێژكردنەوەی ماوەی مانەوەی هێزە سەربازییەكانی ئەمریكی بكات لە عێراق.
بە پێی ڕێكەوتنی نێوان ئەمەریكا و عێراق، پێویستە ئەمەریكا تا كۆتایی ساڵی 2025 زۆربەی هێزەكانی لە عێراق بكشێنێتەوە، بەڵام بە پێی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەكە بەرپرسانی عێراق بە هۆكاری ئەمنیی ئاماژەیان بە ئەگەری درێژكردنەوەی مانەوەی هێزەكان تا ساڵی 2026 كردووە.
بەرپرسێكی عێراقی كە نەیویستووە ناوی ئاشكرا بكرێت لە ڕاپۆرتەكە ئاماژەی بەوە كردووە، لە ئەنجامی گۆڕانكارییەكانی ناوچەكەدا تێڕوانینی بەرپرسانی عێراق بەرامبەر بە ئەگەری كشانەوەی ئەمریكا گۆڕاوە، لەگەڵ گریمانەی پێشكەشكردنی داوایەكی فەرمی بۆ درێژكردنەوەی بوونی هێزەكانی ئەمریكا لە ئەگەری بەردەوامبوونی ئاستەنگە ئەمنییەكان.































































