وەزیری کارەبا: سەرەتای ساڵی داهاتوو 500 مێگاوات کارەبا بۆ تۆڕی نیشتمانی زیاد دەکەین
وەزیری کارەبا لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت: لە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و بە پشتیوانیی سەرۆک وەزیران، هەزار و 430 مێگاوات کارەبامان بۆ تۆڕی نیشتمانی زیاد کردووە و پلان و پرۆژەی دیکەش هەن بۆ زیادکردنی بەرهەمهێنانی کارەبا.
کەمال محەممەد، وەزیری کارەبا لە بەرنامەی بووژانەوەی کوردستان24 گوتی: “هەر وەک چۆن مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیران لە سەرەتای دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەمی حکوومەت و لە کاتی پێشکەشکردنی کارنامەی حکوومەت بەڵێنی دا، کاری جیددی بۆ چارەکردنی کێشە و گرفتەکانی کارەبا بکات، ئەمە بووە بنەمایەک بۆ پلانی سەرەکیی وەزارەتی کارەبا.”
وەزیری کارەبا گوتیشی: لەم کابینەیەدا هەزار و 340 مێگاوات کارەبامان بۆ تۆڕی کارەبای نیشتمانی زیاد کردووە، کە 300 مێگاوات لە وێستگەی خەبات، 750 مێگاوات لە وێستگەی بارزان، 165 مێگاوات لە وێستگەی گەرمیان، 38 مێگاوات لە وێستگەی کەهرۆئاوی دێرەلووک، لەگەڵ 87 مێگاواتی دیکە کارەبا، کە لە بەکارخستنەوەی سێ وێستگەی 29 مێگاواتی زیاد کراوە، لە کاتێکدا هەر سێ وێستگەکە چەند ساڵیک بوو لەکار کەوتبوون و پێشتر بە گازۆئیل کاریان دەکرد، بەڵام کارپێکردنەکەیمان بۆ نەوتی ڕەش گۆڕی خرانەوە کار.”































































