مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی ئیدارەی سۆران، داوا لە هاووڵاتییان و گەشتیاران دەكات، كە بە مەبەستی چوونە نێو بەفر ڕوو لە ناوچە ساردەكان و شاخەكان دەكەن بەر لە ئێوارە بگەڕێنەوە .
لە ڕاگەیاندراوەكەی بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی ئیدارەی سۆران هاتووە “بۆ هەر مەبەستێك ڕوو دەكەنە ناوچە زۆر ساردەكان و سەر شاخەكان بۆ نێو بەفر، پێویستە بەر لە كاتژمێر حەوتی ئێوارە و بەر لە بەستنی شەقامەكان بەهۆی دابەزینی پلەكانی گەرما بۆ ژێر سفر هەوڵی گەڕانەوە بدەن.”
بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی ئیدارەی سۆران جەخت لەوەش دەكاتەوە ئەو هاووڵاتییانەی سەردانی ئەو شوێنانە دەكەن پێویستە ئۆتۆمبێلەكانیان لە جۆری دەبڵ ئەكسل بێت یان زنجیر بۆ تایەكانیان ببەستن بۆ ئەوەی تووشی گیرخواردن نەبن و مەترسی لەسەر گیانیان دروست نەبێت.