وەزیری دەرەوەی عێراق ڕایدەگەیەنێت” ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش ڕیزەکانی ڕێکدەخاتەوە، بەو پێیەی لە ئەنجامی ڕووخانی سوپای سووریا دەستیان بەسەر بڕێکی زۆری چەکدا گرتووە کە ئەمەش ڕێگەی پێداوە کۆنترۆڵی خۆی بەسەر ناوچەکەدا فراوانتر بکات”.
فواد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراق لە کاتی پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا بوو کە لەگەڵ وەزیری دەرەوەی بەریتانیا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا، هامیش فالکۆنەر ئەنجامیداوە، لەبارەی مەترسییەکانی هەڵهاتنی ئەندامانی داعش لە زیندانەکاندا، هەروەها لە گرژییەکانی کەمپی هۆل و کاریگەرییەکانی لەسەر ئاسایشی سوریا و عێراق، جەختی لەسەر پێویستی” بنیاتنانی پرۆسەی سیاسی سوریا لەسەر بنەمای بەشداریکردنی نوێنەرانی هەموو پێکهاتەکان و گرنگی پێشکەشکردنی یارمەتییە نێودەوڵەتییە بەردەوامەکان بۆ خەڵکی سوریا دووپاتکردەوە”.
لای خۆیەوە فالکۆنەر خۆشحاڵی خۆی بە ئەنجامی کۆبوونەوەکانی عەقەبە دەربڕی کە بەریتانیا بەشداری تێدا کرد، جەختی لە گرنگی درێژەدان بەو کۆبوونەوانە لە هەمان چوارچێوەدا بۆ بەدواداچوون بۆ دۆخی سوریا و چاودێریکردنی پێشهاتەکانی ئەوێ دوپاتکردەوە.
وەزیری دەرەوەی بەریتانیا نیگەرانی وڵاتەکەی لە ئەگەری پێکدادانی چەکداری لە نێوان بەشێک لە ڕێکخراوە چەکدارەکان و هێزەکانی سوریای دیموکرات دەربڕی و جەختی لەوە کردەوە کە” دۆخی سوریا بەرگەی شەڕی ناوخۆی زیاتر ناگرێت”.

































































