وەزارەتی دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئەمڕۆ هەینی 20-12-2024 شاندێكی لە دیپلۆماتکارانی وەڵاتەكەی بۆ سوریا نارد بۆ دانوستان لەگەڵ نوێنەرانی شاندی تەحریر شام.
ئەنتۆنی بلانکن، وەزیری دەرەوەی حکومەتی بایدن، چەند کاتژمێرێک لەمەوبەر لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی ڕاگەیاند” نوێنەرانی ئەم وڵاتە دەچنە سوریا بۆ دانوستان لەگەڵ ئەو یاخیبووانەی دیمەشقیان داگیرکرد”.
ئەمە یەکەم سەردانی فەرمی شاندێکی دیپلۆماسی ئەمریکییە بۆ سوریا لە ساڵی ٢٠١١وە. بەگوێرەی زانیارییەکانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، ئەم شاندە دیپلۆماسییە جگە لە شاندی سوریا لەگەڵ نوێنەری گروپەکانی تر و کەمینە نەتەوەیی و ئایینییەکان لە سوریا کۆدەبێتەوە و باس لە ئاسۆی داهاتوو و هاوکارییەکانی ئەمریکا بۆ ئاوەدانکردنەوەی سوریا دەکەن.
بەگوێرەی ئاژانس فرانس پرێس، باربارا لیف، ئەندامی باڵای وەزارەتی دەرەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دانیال ڕابینشتاین، سەرکردەی سیاسی جیهانی عەرەبی هەڵبژێردراون بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ کێشەکانی سوریا و چوونەتە دیمەشق. جگە لەم دوو کەسە، ڕۆجەر کارستێنس، سەرۆکی دانوستانکاری ئەمریکا بۆ ئازادکردنی بارمتەکان، ئەندامی ئەم شاندەیە و هەوڵ دەدات ئۆستین تایس، ڕۆژنامەنووسی وونبووی ئەمریکی لە سوریا بدۆزێتەوە و ئازاد بکات.

































































