زاری كرمانجی – سۆران :
بەگوێرەی ڕاپۆرتی بلومبێرگ، بە پشتبەستن بە دوو بەرپرسی هەواڵگری سودان و چوار بەرپرسی ڕۆژئاوایی، دوای ڕووخانی حكومەتی بەشار ئەسەد و لاوازبوونی هێزی بە وەكالەتی كۆماری ئیسلامی لە ناوچەكە بەهۆی هێرشەكانی دژ بە ئیسرائیل، تاران و مۆسكۆ لە چەند مانگی ڕابردوودا توانیویانە بنكەیەكی سەربازی لە شاری پۆرت سودان دابمەزرێنن و لەگەڵ سوپای ئەم وڵاتە لە دانوستاندایە. ئەمەش لە كاتێكدایە كە ئەگەری زۆرە رووسیا دوو بنكە سەربازییە سەرەكییەكەی لە سوریا لەدەست بدات، دوای ڕووخانی حكومەتی ئەسەد.
بەپێی ڕاپۆرتێكی بلومبێرگ كە ڕۆژی چوارشەممە 18-12-2024 بڵاوی كردۆتەوە، لە میانەی شەڕی ناوخۆی سودان، كە ماوەی 20 مانگی خایاند، سوپای ئەم وڵاتە بە هاوكاری چەك و فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی رووسی و كۆماری ئیسلامی، توانی بەشێكی خەرتوم كۆنتڕۆڵ بكات و ناوچەكانی تری ئەم وڵاتە لە “هێزەكانی كاردانەوەی خێرا” وەربگرێتەوە.
































































