لە پڕۆژەکەدا داوای فیدڕاڵی بۆ کوردانى سوریا دەكات
” دەبێ حكوومەت و پەرلەمانی داهاتووی سووریا، لەسەر بنەمای سازان، هاوسەنگی و هاوبەشی دروست بكرێت”
زارى کرمانجى:
ئەنەكەسە پڕۆژەیەكی چەند خاڵیی ئامادە كردووە بۆ ئەوەی كە شاندی كورد چوونە دیمەشق، لەگەڵ بەرپرسانی ئێستەی سووریا گفتوگۆی لەسەر بكەن و لە پڕۆژەکەدا داواى فیدڕالى بۆ کورد دەکات.
ئەو پڕۆژەیەى ئەنەكەسە پێکهاتووە لە چەندان لەوانە سووریا كۆمارێكی فیدراڵی بێت، هەر پێكهاتەیەك مافی خۆبەڕێوەبردنی لە دەستووردا بچەسپێت، دەبێت گەلی كورد لە سووریا، سەرجەم مافەكانی ناسنامە، موڵكییەت، مافە یاسایی و رۆشنبیرییەكان، قەرەبووكردنەوەی بە یاسا بچەسپێنرێت.
ئەنەكەسە لە پڕۆژەكەیدا داوای فیدراڵی بۆ كورد دەكات و دەڵێت: ”گەلی كورد لە سووریا مافی بەڕێوەبردنی خۆی دەبێت لە چوارچێوەی سیستەمێكی فیدراڵی دیموكراتی دەوڵەتی سووریادا، هەروەها داوای دەستوورێكی دیموكراتی دەکات، دوای نووسینەوەی، بخرێتە بەردەم گەل بۆ ئەوەی بڕیاری لەسەر بدات، بۆ ماوەی شەش مانگ لەژێر چاودێری نەتەوە یەكگرتووەكان بێت، ئەویش لەپێناو گرەنتی بۆ هەموو لایەك”.
لە بەشێکى دیکەى پڕۆژەکەى ئەنەکەسەدا هاتووە، سووریا ئەندام بێت لە كۆمكاری عەرەبی، بەڵام وڵاتێكی تەنیا عەرەبی نییە و دەبێت دیموكراتی بێت، مسیاقی شەرەف لە نێوان سەرجەم هێز و پێكهاتەكان واژوو بكرێت، بۆ ئەوەی لە داهاتوودا شەڕ لە نێوانیان روو نەدات و هیچ لایەكیش پەراوێز نەخرێت، سوپای سووریا و داودەزگا تەناهی و سەربازی و هەواڵگرییەكان، بەپێی رێژە بۆ هەر پێكهاتەیەك، سەرلەنوێ دابمەزرێتەوە.
لە پڕۆژەکەدا باس لەوەشکراوە، حكوومەت و پەرلەمانی داهاتووی سووریا، لەسەر بنەمای سازان، هاوسەنگی و هاوبەشی دروست بكرێت و سەرجەم پێكهاتەكانی تێدابن، هەروەها ئەوانەی دەستیان سوورە بە خوێنی رۆڵەكانی گەلی سووریا، دادگایی بكرێن و بە سزا بگەیەنرێن، هاوكات سەرجەم موڵك و ماڵی تاوانباران و سەرانی رژێمی ئەسەد، دەستیان بەسەردا بگیرێت و بكرێنە موڵكی گشتی و حكوومەت.
ئەوەش روونکراوەتەوە، حكوومەتی داهاتوو، ئاشتی لەگەڵ دراوسێكانی رابگەیەنێت و خاكە داگیركراوەكانی بەدەست بهێنێتەوە.
هێزەكانی ئەنەكەسە چەندان پارت و گرووپ و رێكخراون دیارترینیان بریتییە لە پارتی دیموكراتی كوردستانی سووریا یان ئەلپارتی، پارتێكی كوردییە لە كوردستانی خۆرئاوا و لە ساڵی 1957 دامەزراوە، دەستەی دامەزرێنەرانی بریتین: لە كۆمەڵێك ڕۆشنبیرى كوردانی سووریا لەوانە ( ڕەشید حەمۆ، ئەسەمان سەبری و حەمزە نویران و شەوكەت حەنان و خەلیل محەمەد و حەمید حاجی دەروێش و مەحەمەد عەلی حەوجە ) پارتی دیموكراتی كوردستان لەژێر ئایدۆلۆجیای ناسیۆنالیزمی كوردی كار دەكات.
































































