زاری كرمانجی – سۆران :
لەگەڵ پەرەسەندنی خێرای ڕووداوەكانی سوریا و ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد، هێزەكانی ئیسرائیل بەبێ كات بەفیڕۆدان چوونە سەر چیای شێخ لە باشوری ڕۆژئاوای ئەو وڵاتە و ڕایانگەیاند كە بە هیچ شێوەیەك ناكشێنەوە.
بەرپرسانی ئیسرائیل و شارەزایانی ستراتیژی ئاسایش دەڵێن چیای شێخ ئەوپەڕی گرنگە بۆ باڵادەستی سەربازی لە ناوچەكەدا.
چیای شێخ دەكەوێتە ئەو ناوچەیەی كە ئیسرائیل و سوریا و لوبنان بەیەكەوە دەبەستێتەوە و بە بەرزی نزیكەی 2 هەزار و 814 مەتر لە ئاستی ڕووی دەریادا دەبێتە بڵندترین خاڵ لەسەر ئاستی سوریا و ئیسرائیل. لەسەر ئاستی لوبنانیش، چیاكە لە پلەی دووەم دێت دوای شاخی قوڕنەی ڕەش كە بە بەرزایی 3 هەزار و 88 مەتر دەكەوێتە باكوری لوبنان.
لە كاتی هەڵگرسانی شەڕی ساڵی 1967 لە نێوان ئیسرائیل و سوریا و گرتنی بەرزاییەكانی گۆلان لە لایەن ئیسرائیلەوە، چیای شێخ بووە ناوچەیەكی گرنگی پێكدادان و بەرەنگاری هێزەكانی هەردوو وڵات. دواتر لە چوارچێوەی ڕێككەوتنی “جیاكردنەوەی هێزەكان” لە ساڵێ 1974 چیاكە بوو بە بەشێك لە ناوچەی داماڵراو لە هێزی سەربازی و لەلایەن هێزەكانی ئاشتی پارێزی نەتەوە یەكگرتووەكانەوە بەڕێوە دەبرا.
ڕۆژی 8ی دوازدەی 2024، لە كاتێكدا یاخیبووەكانی سوریا بە سەركردایەتی ئەبو محەمەد جۆلانی چوونە نێو دیمەشقەوە، سەرۆك وەزیری ئیسڕائیل بنیامین نەتانیاهو هەڵوەشانەوەی ڕێككەوتنی 50 ساڵەی جیاكردنەوەی هێزەكانی لەگەڵ سوریا ڕاگەیاند.
نەتانیاهو لە بەرزاییەكانی گۆلانەوە ڕایگەیاند، “ئەم ڕێككەوتنە بۆ 50 ساڵ خۆی گرت و شەوی ڕابردوو هەرەسی هێنا. سوپای سوریا ناوچەكانی چۆڵكرد و ئێمە فەرمانمان كرد بە سوپای ئیسرائیل ئەو ناوچانە بگرێت بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی هیچ هێزێكی دوژمنكار نەتوانێت لە سنورەكانی ئیسرائیل خۆی جێگیر بكات. ئەمە ڕێكخستنێكی بەرگری كاتییە هەتا ئەو كاتەی ڕێكخستنێكی گونجاو دێتە ئاراوە.”
بە گوێرەی سەرچاوەكانی سوریا، هێزەكانی ئیسرائیل بە قوڵایی 10 كیلۆمەتر چوونەتە ناو خاكی سوریا. ڕێكخراوی چالاكوانی دەنگی پایتەخت ڕایگەیاندووە لە ناوچەی چیای شێخ هێزەكانی ئیسرائیل هەتا بیقەسام پێشڕەوییان كردووە كە تەنها 25 كیلۆمەتر لە دیمەشقی پایتەختەوە دوورە.
تەنها ڕۆژێك دوای پێشڕەوییەكەی ئیسرائیل، حكومەتی سووریا لەژێر دەستەڵاتی ئەبو محەمەد جۆلانی لە نامەیەكدا سكاڵای گەیاندە ئەنجومەنی ئاسایشی یوئێن.

































































