محەممەد مەحموود -سۆران :
مانگ بە مانگ ژمارەی مووچە خۆران و بەشداربووانی راکێشانی پارە لە رێگەی ئامێرەکانی ATM لە زیاد بوونەو ئیدارەی سۆران پێویستی بە زیاد کردنی ئەو ئامێرانەیە.
سیامەند ئیسماعیل، بەڕێوەبەری گەنجینەی سۆران بە زاری کرمانجی راگەیاند ” تا ئێستا ئامارێکی فەرمیمان لەبەر دەست نییە بۆ ئەوەی بزاندرێت چەند کەس مووچە لە رێگەی هەژماری من وەردگرن، چونکە هەرمانگەو وەزارەتێک و دەستەیەک مووچەکانیان دەخرێتە سەر هەژمارەکەیان، بە زیاد بوونی وەزارەتەکانی ناوخۆ و پەروەردەو خانەنشینی رێژەکە زۆر زیاتر دەبێت”.
بەڕێوەبەری گەنجینەی سۆران ئەوەشی روونکردەوە” قەزای ناوەندی سۆران پێویستی بە زیادکردنی ئامێرەکانی ATM، تا ئێستا لە سێ شوێن ئەو ئامێرانە داندراون بەزیاد بوونی ژمارەی مووچە خۆران و فەرمانبەران ئامێری زیاتر پێویسته هەبێت لە سۆران ، چونکە ئەوەی تا ئێستا هەنە کەمن.
سەرچاوەیەکیش لە پڕۆژەی هەژماری من بە زاری کرمانجی راگەیاند” لە پلانماندایە ئامێرەکانی راکێشانی پارە لە ئیدارەی سۆران زیاد بکەین.
لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران تا ئێستا ٩ ئامێری ATM داندراون، سۆران ٣ ئامێر ، مێرگەسۆر٢ ، رواندز ١، خەلیفان ١، سیدەکان ١، چۆمانیش ١ ئامێر.
لەم چەند ڕۆژە مووچەی مانگی تشرینی یەکەم دەخرایە سەر هەژماری بانکیی زیاد لە 191,000 مووچەخۆری بەشداربوو لە هەژماری من.
لەگەڵ ئەم پێشکەوتنە بەردەوامەی پڕۆژەی هەژماری من لە بەدیجیتاڵکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، تاکو ئێستا زیاد لە 300 ئامێری ڕاکێشانی پارە بەردەستخراون لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان بۆ ئاسانکاری زیاتری مووچەخۆران. ئامێرەکانی ڕاکێشانی پارە لە سەرجەم شارەکان و سەر شەقام و مۆڵ و لقی بانکەکان بەردەستن و لە ڕێی ئەم بەستەرەی خوارەوە دەتوانیت نەخشەی تەواوەتی ئامێرەکان و ناونیشانی تەواوەتییان بزانیت:
مانگ بە مانگ ئەم ژمارەیە زیاتر دەبێت، ژمارەی بەشداربووانی هەژماری من و ئامێرەکانی ڕاکێشانی پارەش لە هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبن لە گەشەکردن، تاکو ساڵی داهاتوو سەرجەم مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان خاوەن هەژماری بانکی خۆیان دەبن.
هەژماری من ئەوە بە بیر مووچەخۆران دێنێتەوه” لە ڕۆژانی دابەشکردنی مووچەدا و لە دوای ئەوەی کە مووچەکەت خرایە سەر هەژمارە بانکییەکەت، دەتوانیت لە سەرجەم ئامێرەکانی ڕاکێشانی پارەی گشت بانکەکان دەستت بە مووچەکەت بگات و لە ئێستادا ژمارەیان زیاترە لە 500 ئامێر بەو ئامێرانەی لە پێش پڕۆژەی هەژماری من هەبوون و ئەوانەی لە دوای پڕۆژەکە بەردەستخراون.
- ڕاکێشانی پارە لە ئامێری پارە ڕاکێشانی بانکی خۆت بە خۆڕاییە و هیچ کرێیەکی ڕاکێشانت لێوەرناگیرێت.
- ڕاکێشانی پارە لە ئامێری پارە ڕاکێشانی بانکەکانی دیکە کرێیەکی ڕاکێشانی کەمی دەبێت.
ئامێرەکانی ڕاکێشانی پارە 24 کاتژمێری ڕۆژ و سەرجەم ڕۆژەکانی هەفتە بەردەستن.
مەرجیش نییە تەنها ئامێرەکانی سەر شەقامەکان بەکاربهێنیت. بەڵکو ئامێرەکانی ڕاکێشانی پارە لە لقی بانکەکان و زۆربەی مۆڵەکاندا بەردەستن و دەتوانیت بەپێی گونجاوی خۆت هەر ئامێرێک بتەوێت و لە تۆوە نزیکتر بوو بەکاریبهێنیت.
مووچەخۆران لە کاتی بەکارهێنانی ئامێرەکانی ڕاکێشانی پارە ڕەچاوی ئەم ڕێنماییە گرنگانە بکە. بۆ هەر پرسیار و تێبینییەکیش دەتوانیت پەیوەندی بە سەنتەری خزمەتگوزارییەکەمان بکەیت لە ڕێی ژمارە 1991.































































