زاری كرمانجی-سۆران
بەڕێوهبەری گشتی گەشتوگوزاری سۆران، بە زاری كرمانجی ڕاگەیاند: ” خەریكە لەسەری ساڵ نزیك دەبینەوە، بۆ ئەمەش هەماهەنگی دەكەین لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكان و شوێن و ناوچە گەشتیارییەكانی سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، بۆ ئەوەی بتوانین بە باشترین شێوە پێشوازی لە گەشتیاران بكەین”.
د. فەیسەل سادق، گووتیشی: ” پێشبینی هاتنی ژمارەیەكی زۆری گەشتیاری ناوخۆیی و شارەكانی عێڕاق دەكەین، بۆ پشووی سەری ساڵ ڕوو لە سنوورەكەمان بكەن، هەروەك هەڵكەوتەی سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، ناوچەیەكی سەرەنج ڕاكێش و شاخاوییە، بارینی بەفریش لە چیاكان هۆكارێكی دیكەیە كە گەشتیار ئارەزووی زیاتری هەبێت بۆ هاتنیان بۆ ناوچەكە”.
بەڕێوبەری گشتی گەشتوگوزاری سۆران، دەشڵێت: ” باتایبەت لەم ساڵانەی دوایدا شوێنی گەشتیاری مۆدێرن و سەردەمیانە لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دروست كراون و شوێنی مانەوەش دابینكراوە، ئەوەش وا لە گەشتیاران دەكات خواستی هاتنیان زیاتر بێت.































































