زارى کرمانجى:
سیناتۆر كریس ڤان هۆڵین لە دیموكراتەكان و لیندسی گراهام لە كۆمارییەكان، هەڕەشەی سەپاندنی سزا بەسەر توركیادا دەكەن ئەگەر ئاگربەست لەگەڵ كوردەكانی سووریا رانەگەیەنێت و پێشنیازی ناوچەی لەچەكداماڵڕاو قبووڵ نەكات.
لە پێگەی تایبەتی خۆیان لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی ئێكس، سیناتۆر كریس ڤان هۆڵین و لیندسی گراهام نووسیویانە، ئەم هەفتەیە پڕۆژەیاسایەك بۆ سەپاندنی سزا بەسەر توركیادا ئامادە دەكەن، ئەگەر ئەنكەرە پێشنیازی ئاگربەستی ئەمەریكا لەگەڵ هێزەكانی سووریای دیموكرات رانەگەیەنێت و پێشنیازی مەزڵووم عەبدی فەرماندەی ئەو هێزە بۆ دروستكردنی ناوچەی لەچەكداماڵڕاو قبووڵ نەكات.
سیناتۆرەكان ئاماژەیان بەوەش كردووە، ”توركیا هەندێك سەرنجی تەناهیی هەیە دەكرێت چارەسەر بكرێن، بەڵام پێشهاتەكانی سووریا لەسەر دەستی ئەو گرووپانەی كە لە توركیاوە نزیكن، تەناهی ناوچەكە دەخەنە مەترسییەوە و ئەمەریكاش ناتوانێت دەستەوەستان بێت”.
ئەو دوو سیناتۆرەی ئەمەریكا دەشڵێن، هێرش و پەلاماری هێزەكانی نزیك لە توركیا بۆ سەر هێزەكانی سووریای دیموكرات و كوردەكان، زیان بەو ئامانجەی ئەمەریكا لە ناوچەكە دەگەیەنێت كە لەناوبردنی تیرۆر و رێگرتنە لە سەرهەڵدانەوەی داعش.
رۆژی دووشەم هێزی نیشتمانیی سووریا كە گرووپێكی ئیسلامی نزیك لە توركیایە، بەهێرشكردنە سەر هێزەكانی سووریای دیموكرات ئاگربەستی پێشنیازكراوی ئەمەریكایان پێشێل كرد كە بەهۆیەوە هێزە كوردییەكان لە منبج كشانەوە.
هاوكات شەوى رابردوو گوتەبێژی ئەمەریكا گوتی، ئاگربەست لە ناوچەكە درێژ كراوەتەوە، هاوكات مەزڵووم عەبدیش پێشنیاری ناوچەیەكی ئارامی لە چەكداماڵڕاو بۆ كۆبانێ دەكات و رایگەیاند، ”هەموو ئەو پێشنیازانەی دەیكەن لەبەر ئەوەیە خەڵكەكەمان زیانی پێنەگات و دڵنیاییش بە توركیا بدەین، كە ئێمە هیچ مەترسییەك بۆ تەناهیی ئەوان دروست ناكەین”.































































