هێزەکانی کۆریای باکوور سەدان زیانی گیانیان بەرکەوتووە، لە شەڕی هێزەکانی کیێڤ لەناوچەی کورسکی ڕووسیا لەسەر سنووری ئۆکرانیا.
بۆ بەهێزکردنی هەوڵەکانی جەنگی ڕووسیا، پیۆنگ یانگ هەزاران سەربازی ڕەوانەی ڕووسیا کرد، لەنێویاندا بۆ ناوچەی سنووری کورسک لەگەڵ ئۆکرانیا، کە لە سەرەتای ئەمساڵدا هێزەکانی ئۆکرانیا بەشێکیان کۆنترۆڵکرد.
بەرپرسێکى باڵای سەربازی ئەمەریکا ڕایگەیاند،: ”دوایین خەمڵاندنمان بۆ ئەو قوربانیانەی کۆریای باکوور تووشی بوون سەدان کەسە”.
ئاماژەی بەوەش کردووە، ”ئەم ژمارەیە هەموو شتێک لەخۆدەگرێت لە ئەوانەی بریندارن و ئەوانەشی کوژراون، بە پلە دارەکانەوە”.
بەرپرسە سەربازییەکەی ئەمەریکا هۆکاری ئەم زیانە گەورەیەی بۆ کەمی ئەزموونی شەڕی هێزەکانی کۆریای باکوور گەڕاندەوە.
گووتیشی: “ئەمانە سەربازانی شەڕ نین و هەرگیز بەشداریی شەڕیان نەکردووە.”
ئەو لێدوانەی ئەو بەرپرسە سەربازییە ئەمەریکییە دوای ئەوە هات کە ئۆلیکساند سێرسکی، سەرۆکی ئەرکانی ئۆکرانیا ڕایگەیاندبوو، ڕووسیا یەکەکانی کۆریای باکووری فڕێداوەتە ناو جەرگەی “هێرشێکی چڕ” لە کورسک.
ڕێککەوتنێکی مێژوویی بەرگریی لە نێوان پیۆنگ یانگ و مۆسکۆ سەرەتای ئەم مانگە کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە.































































