زاری كرمانجی – سۆران :
هاكان فیدان، وەزیری دەرەوەی توركیا لە وتووێژێكدا لەگەڵ كەناڵی عەرەبیدا گووتی”پێمان وایە كۆماری ئیسلامی ئێران وانەیەكی لە ڕووخانی بەشار ئەسەد وەرگرت و پێویستە بە شێوەیەكی بنیاتنەر یارمەتی ئێران بدەین”.
وەزیری دەرەوەی توركیا لە درێژەی قسەكانیدا ڕوونی كردووەتەوە “ئیسرائیل هەرگیز نەیویستووە بەشار ئەسەد دەست لەكار بكێشێتەوە، هەرچەندە لە حكومەتی ئێران ناڕازی بوو، بەڵام تێگەیشتبوو كە بەشار بەگشتی یاریزانێكی بەسوودە بۆ ئیسرائیل”.
هاكان فیدان لە درێژەی قسەكانی دا دەشڵێت”دوای ڕووخانی ئەسەد كێشەی كۆمەڵایەتی بۆ وڵاتانی كەنداو سەرهەڵنادات، چونكە حكومەتەكانی ئەوێ داهاتی نەوتی خۆیان بۆ گەلەكەیان خەرج دەكەن، خزمەتگوزارییە سەرەتاییەكان دابین دەكەن، ژێرخانی ئابووری و پەروەردە و مۆدێرنیزاسیۆن (لە گواستنەوەی كۆمەڵگای تەقلیدی بەرەوە كۆمەڵگای مۆدێرن) دابین دەكەن. تا ئەو حاڵەتانە هەبن، هەرێم كێشەی نابێت”.
فیدان گووتی”لەماوەی ئەو 13 ساڵەی كە بەرپرسی میتی توركیا بووم، لەگەڵ دۆستانی ئێرانیمان لە ناوچەكە گفتوگۆی زۆرمان هەبوو. پێم گوتن كە بەشار ئەسەد لە سووریا بە بەشێك لە بەرەی بەرخۆدان لە دژی ئیسرائیل دادەنرێت، ئەمە زیاتر لە گاڵتەجاڕی دەچێت.”

































































