زاری كرمانجی :
بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن لە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی ئیدارەی سۆران، بە زاری كرمانجی ڕاگەیاند:” لە ماوەی چەند ڕۆژی رابردوو، لە سنووری ئیدارەی سۆران چوار كەس لە سەر كاری نایاسایی دەستگیر كراون و رووبەڕووی یاسا و دادگا كراونەتەوە .
عەقید ئەمیر خۆشەوی بەڕێوەبەری راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سۆران، ئاشكراشی كرد:” دوو كەس لەو تۆمەبارانە بەهۆی لێدانی بیری نایاسایی دەستگیر كراون، دوو كەسی دیكەش لە سەر بڕینی داری تەڕ لە لایەن تیمەكانی پۆلیس سەر بە بەڕێوەبەرایەتیمان دەستگیر كراون و رووبەڕووی دادگا كراونەتەوە .
گووتیشی:” ئیدارەی سۆران ناوچەیەكی شاخاوی و ساردە، پێویستە خەلكیش هاوكارمان بێت بۆ پارێزگاری كردن لە ژینگە و دارستانەكان، هەرچەندە بەراورد بە ساڵانی رابردوو، بڕینی داری تەڕ كەمی كردووە و رۆژانەش مەفرەزەكانی ئێمە بۆ ئەم مەبەستە و چاودێری كردنی دارستانەكان دەردەچن، هەر كەسێك ئەو كارە نایاساییە ئەنجام بدات و هەڵبستێت بە بڕینی داری تەڕ، بێگومان لێپێچینەوەی لەگەڵ دەكرێت .

































































