لافاو عوسمان
لە ساڵ ڕۆژی شەهیدكردنی شێخ عەبدولسەلام بارزانی كوڕی شێخ محەممەدی شێخ عەبدولسەلامی یەكەمی بارزانی و برا گەورەی مستەفا بارزانی نەمرە.
لە دەوروبەری ۱٨٨۷ لە گوندی بارزان چاوی بە دونیا هەڵێناوە. لە تەمەنی شەش ساڵیدا بنچینەكانی ئایینی ئیسلامی و فیقهی عیرفانی تەسەوفی خوێندووە.
لە دواییی وەفاتی شێخ محەممەدی باوكی لە ساڵی ۱۹۰۳دا بووەتە شێخی ڕابەری ڕێبازی نەقشبەندی لە تەكیەیی بارزان و ناوچەكە.
هەر لە تەمەنی لاویدا شێخ عەبدولسەلام هەستی نیشتمان پەروەری وای لێ دەكات بیر لە داهاتووی میللەتەكەی بكاتەوە، بۆیە كەوتە خزمەتكردنی خەڵك.
دواتر شێخ عەبدولسەلام پەیوەندییەكی بەهێز لەگەڵ سەرۆك هۆز و عەشیرەتەكانی تری كورد دروست دەكات بۆ ئەوەی ئەو زوڵم و زۆردارییەی لەلایەن عوسمانییەكانەوە خراوەتە سەر میللەتی كورد لاببرێت.
بۆیە شێخ دەكەوێتە گەڕان و سەردانی سەرۆك هۆز و شێخەكانی ڕێبازی (قادری و نەقشبەندی) لە لایەك و پەیوەندی كردن بە ڕێخراوە كوردییەكانی وەك (كۆمەڵی تەعالی و تەرەقی كوردی و كۆمەڵەی هێڤی و كۆمەڵەی سەربەخۆی كورد)، هەروەها شێخ پەیوەندی بە “شێخ مەحموودی حەفید و شێخ عەبدولقادری نەهری و سمكۆی شكاك”ەوە دەكات و هۆشیاری سیاسی دەوڵەمەند دەبێت و گەشە دەكات.
لە بەهاری ۱۹۰۷دا شێخ دەچێتە سەردانی (شێخ نووری محەممەد بریفكانی)و شێخی ڕابەری تەكیەیی قادری لە بادینان، لەوێ لەگەڵ سەرۆك هۆزەكانی كورد و پیاوە ئایینییەكان كۆ دەبێتەوە ئەم داواكارییانەی خوارەوە بە تەلەگرافێك دەنێرێت بۆ (سوڵتان عەبدولحەمید) لە ئیستەنبوڵ.
*یەكەم: زمانی كوردی لە ناوچە كوردییەكاندا بكرێتە زمانی ڕەسمی.
*دووەم: خوێندن لە قوتابخانەكاندا بەزمانی كوردی بێت.
*سێیەم: قایمقام و بەڕێوەبەری ناحیە و كاربەدەستان و كارمەند ئەوانە بن كە كوردی دەزانن.
*چوارەم: باجەكان وەكوو خۆیان بمێننەوە بە مەرجێك لە چاككردنەوەی ڕێگاوبان و كردنەوەی قوتابخانە لە ناوچە كوردییەكاندا خەرج بكرێت.
وێنەی ئەو تەلەگرافە نێردرا بۆ (شێخ عەبدولقادری نەهری و ئەمین عالی بەدرخان و فەریق شەریف پاشا)، لە كۆبوونەوەیەكی گشتیدا هەموویان سوێند دەخۆن كە ئەم داخوازیانە بپارێزن و وازی لێ نەهێنن.
كاتێك سوڵتانی عوسمانی ئەو بروسكەیەی پێ دەگات زۆر پەست و تووڕە دەبێت، ئەم تەلەگرافەی بە دەرچوون لە فەرمانی میری و داواكردنی جیابوونەوە دانا. بۆیە سوڵتان جاڕی جەنگی ڕاگەیاندو لەكۆتایی ۱۹۰۷هێزێكی زۆری ناردە سەر بارزان و هیچ كام لەو سەرۆك هۆزانەی سوێندی پیرۆزیان خوارد ڕێگریان لەو هێزەی عوسمانییەكان نەكرد. تەنیا هێزی بارزان بە سەركردایەتی شێخ عەبدولسەلام دوو مانگ بەرگرییەكی قارەمانانە دەكات و بەرەنگاری دوژمنان دەبنەوە، دواتر شێخ ناوچەی بارزان جێ دەهێڵێت دەچێتە لای (تیاریەكان و لای مارشەمعون) لەوێ ڕێزێكی زۆری لێ دەنێن، دواتر سوپای عوسمانییەكان بارزان و دەڤەرەكە دەسووتێنن و هەرچی هەبوو بەتاڵانی دەبەن و ژن و منداڵەكانیشیان بەدیل دەگرن، لەو ڕووداوەدا (مستەفا بارزانی نەمر ) لە تەمەنی سێ ساڵاندا لەگەڵ دایكی لە مووسڵ بەند دەكرێن. دواتر شێخ عەبدولسەلام بە قۆڵ بەستراوی دەنێررێتە بەندیخانەی مووسڵ، پاش دادگای كردنێكی ڕواڵەتی، كە (سلێمان نەزیف) پێكی هێنابوو، شێخ عەبدولسەلام و یاوەرانی لە ۱٤ی۱۲ی۱۹۱٤ لە سێدارە دەدرێن و شەهید دەكرێن.

































































