زاری كرمانجی :
” لیرە ” كە پارەی سەرەكی وڵاتی سوریایە، لە هەرێمی كوردستان خواستی زۆری لەسەرە و ڕۆژانە كڕین و فرۆشتنی پێوەدەكرێت، دۆلارفرۆشێكی سۆرانیش دەڵێت:” بەهۆی گۆڕانكاری لە نرخ و بەرزبوونەوە و دابەزینی زۆر لە لیرەی سووری خەڵكێكی زۆر زەرەر مەند بوونە .
حاجی عەبدولهادی خاوەنی دوكانی ئاڵووگۆڕی دراوەكانە لە سۆران، بە زاری كرمانجی ڕاگەیاند:” دوای ڕووخانی رژێمی سووریا و نەمانی بەشار ئەسەد، گۆڕانكاری بەسەر نرخی پارەی ئەو وڵاتە داهات و بەرزبوونەوە و نزم بوونەوەی بەخۆیەوە بینی .
زیاتر گووتی:” لە شارەكانی كوردستان بە تایبەت سلێمانی خواستێكی زۆر لەسەر لیرەی سووری هەیە، بە جۆرێك یەك ملیۆن لیرەی سووری بەرامبەر بە 700 هەزار دینار مامەڵەی پێوەدەكرا، بەڵام ئێستا نرخەكەی بۆ 395 هەزار دینار دابەزیووە .
گووتیشی:” لە سنووری سۆران كڕین و فرۆشتنی لیرەی سووری زۆر كەمە، پێویستە هاووڵاتییان لەو كات و ساتەدا وشیارتر بن تا تووشی زەرەری ماددی زۆر نەبن، چونكە زانیاریمان هەیە لە سلێمانی بەیەك رۆژ هاووڵاتی هەبووە 10 ملیۆن دینار بەهۆی كڕین و فرۆشتنی لیرەی سووری زەرەر مەند بووە، ڕەنگە خەڵكیش هەبێ قازانجی كردبێت .































































