مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
فەرماندەی سوپای پاسدارانی ئێران ددانی بە شكستی وڵاتەكەی دانا لە سووریا و كەوتنی حكومەتەكەی بەشار ئەسەد و ڕووخانی ڕژێمی بەعسی، بە وانەیەكی تاڵ ناو برد بۆ ئێران و ڕاگەیاند “دەبێت عیبرەتی لێوەربگرین”.
حسێن سەلامی فەرماندەی سوپای پاسدارانی ئێران، لە سێیەمین وتاری خۆیدا لە دوای كەوتنی بەشار ئەسەد ڕایگەیاند “كە ئێمە لەوێ بووین گەلی سووریا بە كەرامەتەوە دەژیا، چونكە ئێمە هەوڵمان بۆ بەرزكردنەوەی كەرامەتی ئەوان دەدا و بۆ ئەوە نەچووین بەشێك لە خاكی سووریا داگیر بكەین، یان بیكەینە مەیدانێك بۆ گەیشتن بە بەرژەوەندییەكانمان. “
لە ساڵی 2011 و لە كاتی سەرهەڵدانی شەڕی ناوخۆ لە سووریا، ئێران چەندین ملیار دۆلاری بۆ پاڵپشتی ئەسەد خەرج كرد و هێزەكانی سوپای پاسدارانی لە سووریا جێگیر كرد.
سەلامی هۆشداری بە دەسەڵاتدارانی وڵاتەكەشی دەدات و دەڵێ “ئێستا لەوە تێ دەگەین ئەگەر سوپا خۆڕانەگرێت و هێزە چەكدارەكان بەرەنگاری نەكەن، لەوانەیە لە چركەیەكدا هەموو وڵات داگیر بكرێت.”

































































