مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
دوێنێ 17 چەكداری دەستەی تەحریری شام لە بۆسەیەكدا لە گوندەواری لازقییە كوژران، ئەمڕۆش چوار چەكداری دیكەیان لە هەمان ناوچە كوژران.
سەرەتا بە پێی سەرچاوە خۆجێیییەكان وا بڵاو كرایەوە كە ئەو 17 چەكدارەی ئۆپۆزیسیۆن لەلایەن پاشماوەی سوپای سووریا كراونەتە ئامانج و كوژراون، ئهمڕۆ دووباره لە بۆسەیەكی تردا چوار چەكداری دیكە لەو ناوچەیە كوژران كە بە زێدی بەشار ئەسەد سەرۆكی پێشووی سووریا ناو دەبرێت .
لە ڕاگەیاندراوێكدا دەستەی تەحریری شام ئاشكرای كرد كە هێزی پشتیوانیی گەورە دەنێرنە دەوروبەری لازقییە.
هاوكات ڕوانگەی سووری بۆ مافەكانی مرۆڤ ڕاگەیاند “لە گوندەواری لازقییە، شەڕێكی توند لە نێوان چەكدارانی ڕژێمی پێشوو و گرووپی فەیلەقی شام، لانیكەم چوار چەكداری فەیلەقی شام كوژران.”
ڕێكخراوەكە هێمای بۆ ئەوەش كردووە كە چەكدارانی سەر بە بەشار ئەسەد، لە نزیك ماڵی وەسیم ئەسەد ئامۆزای بەشار بۆسەیەكیان بۆ چەكدارانی فەیلەقی شام داناوەتەوە.































































