سالار تەحسین سەیدۆ دری
(پرۆفیسۆر د.ئالان دونۆ) لە كتێبەكەیدا بە ناوی سیستمی پۆچگەرایی دەڵێت: ئێمە لە سەردەمێكدا دەژین، پوچگەرایی و بێ بەهایی باڵی بەسەر هەموو جومگەكانی ژیاندا كێشاوە، ئەگەر وا هەست بكەین گەورە سەرمایەداران، خاوەن بزنس، براندە جیهانییەكان، بەڕێوەبەران، ئەوانەی سیستمی فێركاری، زانستی و داراییەكانییان لەژێر دەستدایە و باڵادەستن لە بڕیارە چارەنووس سازەكانی گۆڕانكاری جیهان، كە پێمان وابێت ئەو عەقڵانە باشترین و هەرە ژیرەكانن، بە هەڵەدا چووین.
بۆیە دەپرسێت چێژ لە چ شتێكی ژیان ماوە؟ چێژ لە “خۆراك، بڕوانامە، زانكۆ، خوێندن، سێكس، هاوژینی، سیاسەت، فەلسەفە، كتێب، ئیدارە و …تاد”
بێگومان رێژەیەكی زۆر كەم نەبێت، چێژ لە هیچ كام لەوانە و لە زۆر شتانی دیكە لە ژیاندا نابینن، ئەمەش هۆكارەكەی ئەوەیە ئەو خۆشییانە لە چوارچێوەی سیستمی پوچگەرایی پەیدابوون، بۆیە مانای خۆیان لە دەستداوە، بە جۆرێك كە هەموو جومگە و چەمكێكی ژیانی ئێستا بێ بەها و بێ چێژ كراوە و چێژ و خۆشییەكانی ژیان هەموو ڕاكێشراوەتە ناو سیستمی سەرمایەدارییەوە.
بەڵام بە پێچەوانەوە مرۆڤ ئەو دروستكراوە شكۆمەندە ڕێز لێگیراوەیە كە خودا بە توانای خۆی بە جوانترین شێوە ئافراندوویەتی و كردوویەتی بە جێنشین و چەقی گەردوون، بە كۆمەڵێك جیاوازی و تایبەتمەندیی لە دروستكراوەكانی دیكە جیا كراوەتەوە. ئامانج و مەبەستی سەرەكیش لە درووستكردنی مرۆڤدا دانپێدانان بە تاك و تەنهایی و ناسین و پەرەستنێكی جوان و شایان بە زاتی پەروەردگار و چێژبردنە لە هەموو چەمك و كایەكانی ژیان.
لە نێو دنیای سەرمایەداریی و لە سایەی سیستمی پووچگەرایی، گواستنەوە و كاری زۆر لەسەر ئەقڵی مرۆڤ كراوە، تاكو مرۆڤایەتی لە ڕەسەنایەتییەوە، بگوازنەوە بۆ نێو ئەو ژیانەی لە سایەی مۆدێرنە بۆتە شتێكی بێ ئەرزش؛ ئەوەی هاوكاریی گشتگیركردنی ئەم سیستمە پووچگەراییە دەدات، بیرۆكەی جیهانگیرییە كە هەموو نەتەوە و كولتوورەكان دەخاتە خزمەت سیستمیی سەرمایەداری و بەرژەوەندیخوازیی كە خراپترین قۆناغی مرۆڤایەتی و مرۆڤبووونە، چونكە مرۆڤ لە سەردەمی سیستمی پوچگەراییدا، هیچ شتێك وەكو خۆی و لە جێی خۆی، تام و چێژ و بۆنی خۆیی و مانای خۆی نابەخشێت، تەواوی شتەكان سەراوژێر و پێچەوانە بوونەتەوە، دەستێكی میهرەبان پێویستە تاكو جیهان بەرەو قۆناغی مرۆڤ و مرۆڤبوون رابكێشرێت، مرۆڤبوونیش لای خوای گەورە بەهادارترینە.































































