مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
دوای گۆڕانكارییەكانی ئەم دوایەیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە گشتی و سووریا بە تایبەتی، دەنگۆی ئەوە بڵاو بووەوە كە مەترسی لەسەر بەشە خۆراكی مانگانەی هاووڵاتییان هەیە، بەڵام وەزیری بازرگانی ئەو دەنگۆیانەی ڕەتكردەوە و ڕاگەیاند كە سەبەتەی خۆراكی مانگانە هیچ مەترسییەكی لەسەر نییە و بڕێكی زۆر خۆراكی كۆگا كراو لە كۆگاكانی وەزارەتەكەیاندا هەیە.
ئەسیر غورەیری، وەزیری بازرگانی عێراق بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی ڕایگەیاند “دڵنیایی دەدەینە هاووڵاتییانی خۆمان كە بڕی پێویست و گونجاوی خۆراكمان لە كۆگاكاندا هەیە، لە سەرجەم ماددە خۆراكییەكانی كە لە سەبەتەی خۆراكدا دەدرێتە هاووڵاتییان.”
دەشڵێت “لە ساڵانی ڕابردوودا وەزارەتەكەمان تەنیا بەشە خۆراكی بۆ حاڵەتی كتوپڕ و سێ مانگ كۆگا دەكرد، بەڵام ئێستا كۆگا كراوەكان بەشێوەی پلانی ستراتیژی واتە درێژخایەن ڕێكخراون و بەشە خۆراكی زیاتر لە شەش مانگ لەبەردەستتدایە،”
غورەیری دڵنیایی دەداتە هاووڵاتییان و دەڵێت “ئەگەر هەر بارودۆخێك ڕووبەڕووی ناوچەكە ببێتەوە، ئەوا هێشتا مەترسی لەسەر ئاسایشی خۆراك نییە.”































































