مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
بەخشراوێك، دوای نزیكەی 20 ساڵ لە خۆ نەشووشتنی، لەلایەن چەند گەنجێكی خۆبەخشەوە دەشۆرێت و گیان لەدەست دەدات.
عەباس ناوی ئەو بەخشراوەیە كە دانیشتووی گەڕەكی شۆریجەی كەركووكە، هاووڵاتییانی گەڕەكەكە دەڵێن ماوەی بیست ساڵ دەبێت، خۆی نەشوشتبوو، هەر لەبەر ئەوەش چەند گەنجێكی خۆبەخشی شارەكە هەڵدەستن بە ڕاپێچكردنی بۆ یەكێك لە مزگەوتەكان و دەیشۆن و پاكی دەكەنەوە، دوای ماوەیەك لە شووشتنی عەباس گیان لەدەست دەدات .
ئەمڕۆ شەممە 14ی 12ی 2024، تەندروستیی كەركووك لەبارەی گیان لەدەستدانی ئەو بەخشراوە ڕاگەیاندراوێكی بڵاو كردەوە و دەڵێت “بەخشراوەكە ناوی عەباسە و چەندین ساڵە لەسەر شەقامەكانی شۆریجە دەمایەوە و بیست ساڵ دەبێت خۆی نەشوشتبوو، شەوی ڕابردوو لەلایەن چەند گەنجێكی خۆبەخش دەشۆرێت و چەند كاتژمێرێك دواتر گیان لەدەست دات،”
لە ڕاگەیاندراوەكەی تەندروستیی كەركووك باس لەوەش كراوە كە تا ئێستا بۆیان ڕوون نەبووەتەوە كە گیان لەدەستدانی ئەو بەخشراوە بەهۆی شوشتنەوە بووە یان هۆكارێكی دیكە.
ڕاپۆرتی توێكاری تەرمی عەباس نێرراوە بۆ بەغدا، دوای نزیكەی 20 ڕۆژ ئەنجامەكەی دەردەچێت.

































































