زاری كرمانجی-سۆران:
ئهمڕۆ شهممه 14ی12ی2024، 110 ساڵ بەسەر لە سێدارەدان و شههیدكردنی شێخ عەبدولسەلام بارزانی تێدەپەڕێت.
شێخ عهبدولسهلام بارزانی، یەکەمین رابهری بزووتنەوەی رزگاریخوازی گهلی كوردستان، رۆژی 14ی كانوونی یەكەمی ساڵی 1914 دوای حەوت ساڵ لە درێژەدان بە شۆڕش لەپێناو مافە نیشتمانی و نەتەوەییەكانی خەڵکی کوردستاندا، بە بڕیاری دەوڵەتی عوسمانی، لەگەڵ یاوەرانی لە شاری مووسڵ لەسێدارەدرا.
رێبازی بارزان، بە لەبەرچاوگرتنی رێسا مرۆییەکان گەشەی کرد و گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی گەورەی دروستکرد. دوای ئەوە زۆر بە فراوانی و ئاشکرایی ئەو رێبازە پەڕییەوە بۆ هەڵگیرساندنی شۆڕش و دەستپێکردنی خەباتی نەتەوەیی بەتایبەتی لەسەردەمی شێخ عەبدولسەلامی دووەمدا.
شێخ عەبدولسەلام شێخ محەمەد بارزانی، زانا و کەسایەتییە دیارەکانی کوردستانی لەسەر مافە نیشتمانی و نەتەوەییەکان کۆکردەوە، لە ساڵی 1907 داواکارییەکانی گەلی کوردستانی بەشێوەی نووسراو لە کۆمەڵێک خاڵدا ئاراستەی سوڵتان عەبدولحەمید، سوڵتانی عوسمانی و زلهێزەکانی ئەوکات کرد، هەربۆیەش عەبدولسەلامی بارزانی بە دانەری رێبازی بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلی كوردستان ئەژمار دەکرێت.
داخوازییەکانیش بریتی بوون لەوەی خوێندن بە زمانی دایك بێت، ئەو باجەی لە کوردستان کۆدەکرێتەوە بۆ چاککردنەوەی رێگاوبان و کردنەوەی قوتابخانەكان بێت.
سوڵتانی عوسمانی ئەو داواکارییانەی بە دەرچوون لە فەرمان و داواکاریی جیابوونەوە لە قەڵەمدا، بۆیە فەرمانی هێرشی بۆسەر بارزان دەرکرد، شێخ عهبدولسهلام خۆی و هێزهكهی 2 مانگ بهرگریان کرد، بەڵام بەهۆی نابەرابەری هێز بهناچاری ساڵێك له ناوچهی بارزان دووردهكهوێتهوه و روودهكاته كوردستانی ئێران.
لهوماوهیهدا، سوپای عوسمانیش زۆربەی شوێنەکانی ناوچەی بارزانی سوتاند و ژن و منداڵیان بەدیل گرت، كە مەلا مستەفای بارزانی ئهو كات تەمەنی 4 ساڵ بوو لەگەڵ دایکیدا دەستگیرکران و لە زیندانی موسڵ زیندانی کران.
شۆڕش بەردەوام دەبێت و ھەر لەو ساڵەدا شێخ عەبدولسەلام ھێرشیکردە سەر سوپای عوسمانی و له ئهنجامدا سوپا تێکشکێندرا و ناچاربوو لە ناوچەی بارزان پاشەکشە بکات.
سوڵتانی عوسمانی بۆ گرتنی عهبدولسهلام بارزانی خهڵاتێكی گرانبههای تهرخان كرد، لە ساڵی 1913 دووباره والی عوسمانی هێزێكی زۆری له موسڵهوه نارد بۆ ئهوهی عهبدولسهلام بارزانی له ناوچهی بارزان دهستگیر بكهن، پاشان شێخ عهبدولسهلام جارێکی دیکە روویکردەوە رۆژههڵاتی كوردستان.
بۆ بەدەستهێنانی پشتگیری لە دۆزی رەوای گەلەکەی، شێخ عەبدولسەلام بارزانی سەردانی رووسیا و جۆرجیای کرد، سەرۆک بارزانی لەبارەی ئەو سەردانەی لە کتێبی بۆ مێژوو نووسیویەتی: سێرگی لاڤرۆڤی وەزیری دەرەوەی رووسیا پێی گوتووە، شێخ عەبدولسەلام بۆ داواکاری مافی رەوایی گەلەکەی دیداری لەگەڵ نیکۆڵای دووەم، قەیسەری رووسیا هەبووە و لە مۆسکۆ لەگەڵی کۆبووەتەوە.
لەکاتی گەڕانەوەیاندا لە جۆرجیا و رووسیا، شێخ عەبدولسەلام بارزانی و ئەو پێشمەرگانەی یاوەری بوون لە گوندی گەنگەچینی رۆژهەڵاتی کوردستان، لەلایەن چەند کەسێکەوە هەواڵ بە عوسمانییەکان دەدرێت و دەستگیر دەکرێن.
دواتر شێخ عەبدولسەلام بارزانی، رەوانەی زیندانی موسڵ کرا و لە دوای ئەشکەنجەدانی خۆی و یاوەرانی، دادگایی دەکرێن و بڕیاری لەسێدارەدان بهسهر خۆیی و 6 لە یاوەرانی دەسەپێندرێت و لە رۆژی 14ی كانوونی دووەمی ساڵی 1914 لە سێدارە دەدرێن، کە ئەوکات تەمەنی 27 ساڵان بووە.
بەهۆی حەقانییەت و بەرگریکردن لە مافەکانی خەڵک، رێبازەكەی بەردەوام بووە و لە بواری ژینگەیی، ئایینی، کۆمەڵایەتی و شۆڕشگێڕییەوە لە گەشەکردنێکی بەرچاودا بووە، تا ئەمڕۆش ههڵگرانی رێبازەکەی بە باوەڕبەخۆبوون و سەرفرازییەوە بەرگری لە مافەکانی ستەملێکراوان دەکەن و پاراستنی ژینگە و مافی ئافرهتان و مافهكانی مرۆڤ بەگشتی بووەتە ھەوێنی باوەڕی بارزان.































































