زارى کرمانجى:
سەرۆكی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا گووتى: ”ئیسرائیل پلانی بۆ دابەشكردنی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەیە. توركیایش لە پشت كەوتنی ڕژێمی بەشار ئەسەدەوە بوو”.
نووری مالیكی سەرۆكی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، شەوی رابردوو چاوپێكەوتنێكی تەلەڤزیۆنی هەبوو و رای گەیاند، ”لە دوای كەوتنی ڕژێمی بەشار ئەسەد، مەترسی گەماڕۆی عێراقی داوەو مەترسییەكانیش رژدن”.
زیاتر گووتی، ”ئەوەی لە سووریا رووی دا دەستی وڵاتانی تێدا بوو، ئێستە ئیسرائیلیش پلانی هەیە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دابەش بكات”.
روونیكردەوە، ”جیاوازیی زۆر لە نێوان ڕووخانی ڕژێمی بەعس لە عێراق و سووریا هەیە، چونكە ڕووخاندنی بەعس لە سووریا بەدەستوەردانی دەرەكی و پلانێك بوو كە لەلایەن توركیاوە پشتیوانی دەكرا”.
ئاماژەی بەوەش كرد، حەشدی شەعبی ئامادەیە و وەك هێزێكی یاسایی مامەڵە دەكات و بەگوێرەی یاسا دامەزراوە، بەشێكە لە دامەزراوەی هێزە چەكدارەكانی عێراق.
































































