ڕاوێژکاری سەربازی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان دەڵێت: پرۆسەی یەکخستن و ڕێکخستنەوەی ھێزی پێشمەرگە بەردەوامە و ھەنگاوی زۆر باش نراوە، بڕیارە تا کۆتایی ٢٠٢٦ لە ھەرێمی کوردستان یەک ھێزی پێشمەرگە ھەبێت.
بابەکر زێباری، ڕاوێژکاری سەربازی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، لە لێدوانێکی تایبەت بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ھەنگاوەکان بۆ یەکخستنی ھێزی پێشمەرگە لە ھەردوو یەکەی ٧٠ و٨٠ بەردەوامە، ھەنگاوی باش نراوە، ھەر کارێکیش بۆ دووبارە ڕێکخستنەوەی ھێزی پێشمەرگە بکرێت باشە، وەکو درووستکردنی فیرقە، لیوا و فەوجی تازە و جارێکی دیکە مەشق و ڕاھێنان پێکردنەوەیان و پڕچەک کردنیان و دابینکردنی پێداویستی و ڕێکخستنەوەیان کە تا ئێستا سێ فیرقە دروست کراون، بۆیە یەکێک لە سەرکەوتنەکانی بواری سەربازی ڕێکخستنەوەیە.
لەبارەی دروستکردنی فەرماندەی دەڤەر لە جیاتی ھەردوو یەکەی ٧٠و٨٠، بابەکر زێباری گوتی: بڕیار دراوە، بەڵام جارێ پێویستی بە وردەکاری و کاری زۆر ھەیە، چونکە میحوەرەکان نامینێن و گۆڕانکاری زۆر دەکرێت، بۆیە ھیچ لایەنێک ڕێگر نییە لەوەی ئەو ھەنگاوە بنرێت، چونکە دەمێکە بڕیاری یەکخستن و ڕێکخستنەوەی ھێزی پێشمەرگە دراوە و بڕیارە تا ٢٠٢٦ ھەموو ھێزی پێشمەرگە یەکبخرێت و ببێتە یەک ھێز لە ھەرێمی کوردستان.
دەشڵێت: ھاوپەیمانان ھاوکار و پاڵپشتی ھێزی پێشمەرگەن بۆ ئەوەی یەک بخرێت.































































