زاری كرمانجی-سۆران
ڕاگەیاندنی زانكۆی سۆران بڵاوی كردەوە: ” سەنتەری پەرەپێدانی کار- زانکۆی سۆران، بە هەماهەنگی لەگەڵ هەردووک ڕێکخراوی GIZـی ئەڵمانی و دەزگای ڕوانگە، هەروەها بە پاڵپشتی دارایی وەزارەتی فیدڕاڵی ئەڵمانیا، ڕاهێنانێکی کارسازی لەژێر ناونیشانی “بەهێزکردنی لاوان، پەرەپێدانی تواناکانیان بۆ بنیاتنانی داهاتوویێکی گەشتر” بەڕێوەبرد و بە سەرکەوتووی کۆتایی پێهات.
بەشداربووانی خولەکە لە ٢٤ کەس پێک هاتبوون لە قوتابی و دەرچووانی زانکۆ لەگەڵ چەند کەسێک لە خاوەن پێداویستی تایبەت لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران.
لە ڕاهێنانەکاندا، بەشداربووان بە شێوەیەکی پراکتیکی و بیرۆکەی بزنسیی داهێنەرانە، توانییان بگەنە قۆناغی پێش کۆتایی بۆ پێشکەشکردنی بزنس پلان بۆ بیرۆکەکانیان.
لە دوای پێشکەشکردنی بزنس پلانەکان، لە کۆی گشتی ٢٤ بیرۆکە، ٢١ بیرۆکەی بزنسیی بچووک هەڵبژێردران بۆ قۆناغی کۆتایی و توانیان گرێنتی دارایی وەربگرن بەمەبەستی دەستپێکردنی کارەکانیان.
لە ماوەی یەک مانگی داهاتوودا پێویستە بەشداربووانی سەرکەوتوو دەستبکەن بە جێبەجێکردنی پڕۆژەکانیان، کە لە دوای جێبەجێکردنیان بەدوواداچوون دەکرێت بۆ هەنگاوەکانی جێبەجێکردن، هاوکات لە داهاتوودا پاڵپشتی زیاتری پرۆژەکان دەکرێ بۆ گەشەپێدانی زیاتر.