د. ئەحمەد كاوە
پسپۆڕی نەخۆشییەكانی مێشك و دەمار لەنەخۆشخانەی ئاشتی فێركاری سۆران
ئایا دەتەوێت بزانیت چۆن بە ئاسانی سەرئێشەی شەقیقە چارەسەر بكەیت؟ ئەم چارەسەرە نادەرمانییانە دەتوانن ئازاری سەرئێشە كەم بكەنەوە و رێگری لە روودانی بكەن.
1- خواردنی كافاین كەمبكەوە
هەندێك سەرئێشە دەتوانرێت بە كافاین كەم بكرێنەوە، بەڵام بەكارهێنانی بەردەوام و درێژخایەن دەبێتەهۆی بڵاوبوونەوەی سەرئێشە. ئەگەر بڕی رۆژانە وەرنەگریت، تەنانەت تووشی سەرئێشە دەبیت بەهۆی وازهێنان لە كافاین. خواردنی كافاین كەم بكەنەوە و چای سەوز بخۆنەوە.
2- خەوی تەندروستت هەبێت
پێویستە بڕی خەو شەوانە لانیكەم 5 بۆ 6 كاژێر بێت و مەرجە تەندروستییەكانی خەوێكی كوالێتیی باشی تێدابێت.
3- وەرزشی بەردەوام بكە
بە وەرزشی رێكوپێك دەتوانرێت سەرئێشە و شەقیقە كەم بكرێنەوە. ئەندۆرفین ئازارشكێنی سرووشتیی جەستەیە كاتێك وەرزش دەكەیت دەردەچێت. هەروەها راهێنانی بەردەوام گرژی كەمدەكاتەوە و خەو ئارام دەكات، هەرچەندە لەكاتی وەرزشدا دەشێت كەسێك تووشی سەرئێشە ببێت، بەڵام ئەمانە كاردانەوەی جەستەن و ئاسایین..
4- بۆنی لاڤێندەر بەكاربهێنە
كەمكردنەوەی دڵەڕاوكێ لەوانەیە یارمەتیدەر بێت بەهۆی كاریگەریی ئارامكەرەوەی بۆنی لاڤێندەر. تاقیكردنەوەیەكی كلینیكی دەریخست كە چوار هەفتە بەكارهێنانی زەیتی لاڤێندەر دەشێت دڵەڕاوكێ و لاسەرئێشەك كەمبكاتەوە.
5- چاودێریی جۆری خۆراكەكانت بكە؛
خواردنی سێ ژەم رۆژانە، لەگەڵ ژەمێكی سووك لە ئێواران، یان شەش ژەمی بچووك بە درێژایی رۆژ، زۆر گرنگە. خواردنی خۆراكی دەستكاریكراو سنووردار بكە و ئەولەویەت بدە بە هەموو ئەو خۆراكانەی كە مادەی كیمیایی كەمیان تێدایە.
📌 چەندین خۆراك و خواردنەوە دەكرێت لە هەندێك كەس لاسەرئێشە ”شەقیقە” دروستبكەن وەكو؛
- خواردنەوە كحولییەكان
- پەنیری كۆن
- فاسۆلیا
- كافاینەكان چا، قاوە، خواردنەوە وزەبەخشەكان
- ماست
- پاقلەی سۆیا
- چوكلێت
- گۆشتی ئامادكراو و بەستوو
6- گوشاری دەروونی كۆنتڕۆڵبكە
شەقیقە و گوشاری دەروونی زۆرجار پێكەوە دەژین. بۆیە ژیان سادەتر بكە، هەوڵ مەدە ئەرك یان چالاكیی زیاتر بخەیتە ناو رۆژەكەتەوە. بەڵكو زیاتر بایەخ بەمانە بدە؛ - دابەشكردنی كات
- پشوو و پایسەكردن
- بایەخدان بە خولیای نوێ
- فێربوونی كارامەیی نوێ
- وەرزشەكانی خۆخاوكردنەوە
- نەچوونە نێو ژینگە و هەوای پیسبوو
- چوونە پارك و نێو سرووشت
📌 ئەم چارەسەرە ماڵیانە و شێوازی ژیان لەگەڵ بەكارهێنانی دەرماندا بەكاردەهێنرێن، بەڵام ئەگەر ئازارەكە بەردەوام بوو، ئەوا راوێژ بە پسپۆڕ بكرێت.