زارى کرمانجى-ڕواندز:
ئەمڕۆ پێنجشەممە ١٢ى کانوونى یەکەمى ٢٠٢٤، بە چاودێرى ئیدارەى سەربەخۆى سۆران، سێیەمین ساڵیادی ماڵئاوایی ( زرار محمد مستەفا) ڕابەری هونەر لە ڕواندز دەکرێتەوە.
ئێوارەى ئەمڕۆ پێنج شەممە، لە هۆڵی ڕێستورانتی پانکى گەشتیاریى ڕواندز، بە چاودێرى ئیدارەى سەربەخۆى سۆران، بۆ ڕێزگرتن لە ٦٠ ساڵەى خەباتی نەپساوەی ( زرار محەمەد مستەفا ) ڕابەرى هونەر لە ڕواندز، سێیەمین ساڵیادى ماڵئاوایى بە چەند چالاکییەک بەرز ڕادەگیرێت.
سەرەتاى مەراسیمەکە بە سرودى ئەى رەقیب دەست پێدەکات و دواتریش وتەی بەخیرهاتن و وتەى میوانانى بەشداربوو پێشکەش دەکرێن، پاشان چەند پارچە میوزیکێک لەلایەن تیپى مۆسیفاى پاشاى گەورە پێشکەش دەکرێت.
هەر لە درێژەى یادکردنەوەکەدا، لەلایەن ( م. مەغدید حاجى) ، خوێندنەوەیەکى مێژوویى هونەریانە بۆ کتێبى ( هونەر لە ڕواندزێ ) ى مامۆستا ( زرار محەممەد ) دەکرێت.
لە کۆتایى مەراسیمەکەدا میوانان سەردانى گڵکۆى ( مامۆستا زرار ) دەکەن و تاجەگوڵینەى وەفا لەسەر گڵکۆى دادەنرێت و هەر لەوێش ( پارچە میوزیکى ماڕشى وەفا ) پێشکەش دەکرێت.
زرار محەمەد مستەفا، لە ساڵى ( ۱۹۳۷ز) لە شاری ڕواندز لەدایکبووە، دوای تەواوکردنی قۆناغەکانی خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی و دواناوەندیی، لە ساڵی (حەفتاکان) زۆر گرنگیی بە بواری شانۆ داوە. لە ساڵی (۱۹۷۷ز)بوو بە سەرۆکی لقی ڕواندزی کۆمەڵەی هونەر و وێژەی کوردی.لە ساڵی (۱۹۷۸ز)دا، بەردی بناغەی تیپی مۆسیقای پاشای گەورەی داناوە. لە ساڵى ٢٠٢١ کۆچى دوایى کرد.