زارى کرمانجى:
وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا گەیشتە هەولێر و لەلایەن نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان پێشوازى لێکرا، دواتریش لەگەڵ بەرپرسانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كۆ دەبێتەوە.
لە گەشتێكی دوو رۆژەیدا بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا سەردانی عەمان و بەغدای كرد، ئەمڕۆش سەردانی هەولێرى کردو لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەرێمی كوردستان كۆ دەبێتەوە.
بۆریس پیستۆریەس وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا لە بەغدا، لەگەڵ محەمەد شیاع سوودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق و هاوتا عێراقییەكەی سابیت عەباسی كۆبووەوە.
بەگوێرەی راگەیەنراوێكی نووسینگەی سەرۆك وەزیران، لە كۆبوونەوەكەدا تەوەری سەرەكیی گفتوگۆكانیان دۆخی ناوچەكە و گۆڕانكارییەكانی ئەمدواییەی سووریا بووە، باس لە رۆڵی وڵاتانی ئەوروپا كراوە لەبارەی گۆڕانكاری و هێوركردنەوەی دۆخی ناوچەكە.
هێزێكی ئەڵمانیا لە 2015 لە چوارچێوەی هێزی هاوپەیمانان لە كوردستاندان، كە ژمارەیان زیاتر لە 500 راوێژكاری سەربازییە، دەوری هاوكار دەبینن لە رێكخستنەوەی هێزی پێشەمەرگە.