ئادەم رزگار
ئەستەمە گەلێک هەبووبێت بە درێژایی مێژوو شتێکی بەسەر نەهاتبێت کە پێویستیی بە هاوکاری، پاڵپشتی و هاوسۆزیی گەلانی دیکەی نەبووبێت. ئەمە لاوازی نییە، بەڵکو گیانی هاوکاری و تەبایی نێوان گەلانە. درێژەدانە بە ژیان و بەها مرۆییەکانی. تێپەڕاندنی ئاڵنگارییەکان و دووبارە ژیانەوەیە. ئەم بازنەیە تایبەت نییە بە گەل، بەڵکو هەندێک جار ئایین، وڵات، ناوچە و خەڵکانێک کەوا بەم قۆناغەدا گوزەر دەکەن و چاویان لە گیانی هاوکاریی دۆست و دەوروبەری خۆیانە. مەرج نییە دەستی یارمەتیی گەلان بۆ یەکدی تەنیا پاڵپشتیی دارایی یان سەربازی بێت، هەندێک جار تەنیا پێویستی بە هاوسۆزی دەکرێت وەک پاڵپشتییەکی دەروونی، ھەروەک لە مێژووی دیپلۆماسیەتی نێودەوڵەتییدا، زۆر جار بینیومانە چۆن وڵاتان لە کاتی تەنگانەدا پشتی یەکتر دەگرن، وەک چۆن ژاپۆن دوای کارەساتی تسونامی ٢٠١١، یان ئەڵمانیا دوای کۆتایی جەنگی جیهانی دووەم، پێویستیان بە هاوکاری نێودەوڵەتی هەبوو. ئەمڕۆ دەمەوێت باسی نموونەیەکی بەرچاوی ئەم هاوکێشەیە بکەم: پەیوەندی نێوان فەرەنسا و هەرێمی کوردستان.
دوای ڕووداوەکانی ڕیفراندۆمی هەرێمی کوردستان، کاتێک کوردستان لە زەوی و ئاسمانەوە گەمارۆی خرایە سەر و گشت دەرگاکانی لێ داخران و لە پەراوێزی هەموو ئەمانەشدا هێرشی سەربازیی کرایە سەر خاکەکەی، لەو کاتەدا بەر لە کرانەوەی فڕۆکەخانە و سنوورەکان، بۆ هەرێمی کوردستان دیداری سەرکردەیەکی باڵای لەگەڵ سەرۆکی وڵاتێکی زڵهێز لە هەموو شتێک گرینگتربوو و سوکنایی زیاتری بە خەڵکەکەی دەدا. چونکە وا لێکدەدرایەوە کەوا ئیدی جیهان و هاوپەیمانان بەتەواوی دەرگاکانیان بەڕووی کورد داخستووە و دەروونی خەڵک لە بارودۆخێکی خراپدا بوو. بەرلە هەرشتێک بۆ گەلی کوردستان گرنگ بوو هاوسۆزییەکی نێودەوڵەتی ببینێت. بۆئەوەی هەر هیچ نەبێت هەرێمی کوردستان و خەڵکەکەی، دڵنیا ببێتەوە لەوەی کەوا بە تەنیا جێ ناهێڵدرێت لەنێو بازنەیەکی گەمارۆدراوی وڵاتانی دەوروبەری خۆی، ئێوارەیەکی سارد و سڕی زستانە و ڕێگاکانی گفتوگۆ بەستەڵەک دایپۆشیوون، چاوەکان لەسەر کەوتنی هەرێمی کوردستانن، بەڵام دیپلۆماسیەتی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی ئەوکاتی هەرێمی کوردستان بەستەڵەکەکان تێکدەشکێنێت و بە ڕابەرایەتی شاندێکی باڵای هەرێم دەگاتە پاریس، چاوی جیهان، مانشێتی ڕۆژنامەکان و هەواڵی تیڤییەکان دەکەونە سەر پاریس و لە ئیلیزێ هاوکێشەکان دەگۆڕێن. ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا بە نێچیرڤان بارزانی دەڵێت؛ وێڕای ئەوەی پاڵەپەستۆی زۆری عێراق و وڵاتانی ناوچەکەمان لەسەرە بۆ ئەنجامنەدانی ئەم دیدارە، هاوکات ئەگەر ئەنجامیش بدرێت دوور لە چاوی میدیا بێت، وەک گوشارێک بۆ سەر هەرێم، بەڵام داوا و ویستی گەلی فەرەنسا ئەوەیە کەوا لەو کاتە سەختەدا گەلی دۆستمان (کورد) بە تەنیا جێنەهێڵین. بۆیە دڵنیابن لە میدیا دەردەکەوین و کۆنفرانسی رۆژنامەوانیمان دەبێت بە ئاڵای کوردستان و نووسینی کوردییەوە. ئەو دیدارە هەم ئومێدی بۆ گەلی کورد گەڕاندەوە هەمیش هێڵێکی بەهێزی گفتوگۆی لە نێوان هەولێر و بەغدا کردەوە. هاوکات نیشانەی دیدگا و هزری گەل و سەرکردایەتیی فەرەنسا بوو بۆ پابەندبوونی دۆستایەتیی نێوان خۆیان و گەلانی دیکە و بوونی گیانی هاوسۆزی و هاوکارییان. ئەم دۆستایەتییە خۆڕسک نییە، لە ماوەی 30 ساڵی ڕابردوودا، گەلی کورد نیشانیداوە کە شایەنی متمانە و هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتییە، وەک چۆن پۆڵەندا و چیک لە نەوەتەکاندا بوونە نموونەی سەرکەوتووی گواستنەوەی دیموکراسی، هەرێمی کوردستانیش لە شەڕی دژی تیرۆر، لە پاراستنی مافی پێکهاتەکان و لە پەرەپێدانی دیموکراسیەتدا، بووەتە نموونەیەکی گەشی سەقامگیری لە ناوچەیەکی پڕ ئاڵۆزدا، بێگومان ئەمەش بەرهەمی بەرجەستەبوونی دیموکراسییەت و کرانەوەی هەرێمە بە ڕووی جیهان و گەلان دا.
ئێستاش بۆ دووبارە کردنەوەی کاتێدرالی نۆتردام لە پاریس نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە فەرمی لەلایەن سەرۆکی فەرەنساوە بانگهێشتکراوە. ئەمەش ئاماژەیەکی ڕوونە بۆ بەردەوامیدان بە دۆستایەتی و گیانی هاوکاریی دوو لایەنە بۆ یەکدی کە دەکرێت وەک بنەمایەکی بەهێز ڕەچاوبکرێت بۆ هەنگاونان بەرەو جیهانێکی سەقامگیر کە هەموو جیاوازییەکان کۆبکاتەوە و کەس هەڕەشە و مەترسی نەبێت بۆ سەر ئەوەی دیکە. ئەم هەڵوێستەی فەرەنسا بۆ هەرێمی کوردستان دەینوێنێت، زیاتر لە تەنیا دیدارێکی دیپلۆماسییە، وەک چۆن سوید و نەرویج پشتگیری فینلەندایان کرد لە قۆناغە سەختەکانیدا، فەرەنساش پەیامێکی ڕوون بەردەوام دەداتە جیهان کە پشتی دۆستەکانی بەرنادات لە کاتی تەنگانەدا. پێویستە لە جیهان ئەم نموونەی فەرەنسا بۆ پاڵپشتی گەلان زیاتر ببینرێت و دیراسە بکرێت تایبەت لە نێوان دەوڵەتێکی وەک فەرەنسا و هەرێمی کوردستان، وەک چۆن میژوو تۆماری کردووە کە کەنەدا و ئوسترالیا پەیوەندییەکی بەهێزیان هەیە لەسەر بنەمای بەها هاوبەشەکان، ئەم دۆستایەتییەی نێوان فەرەنساو هەرێمی کوردستانیش لەسەر هەمان بنەما پێویستی بە تۆمارێکی مێژووییە و لە هەر دۆخ و سەردەمێکدا بەهێزتر دەبێت، کە ئەم دۆستایەتییە گرینگە لەو جیهانەی کە هەموومان ئاواتی بۆ دەخوازین، جیهانێک کە تێیدا وڵاتان و گەلان پشتی یەکتر دەگرن و بەها هاوبەشەکان دەپارێزن.