سەردار قازی – هەریر:
لە شارەدێی هەریر، ژمارەیەک گەنج هەستاون بە دانانی کارگەیەک بۆ داکوتان و گوشینی هەنار.
وەرزی پاییز، دەوڵەمەندە بە بەروبوومی هەنار و لەو وەرزەدا باخداران هەنارەکانیان دادەکوتێن و بەشێکیان وشکی دەکەن و بەشێکی دیکە دەیکەن بە سرکە.
ژمارەیەک گەنجی هەریر کۆمەڵیان گرتووە بۆ دابینکردنی بژێوی ژیانیان، کارگەیەکی داکوتان و گوشینی هەناریان داناوە بە مەبەستی کار ئاسانی بۆ ئەوانەی دەیانەوێت هەنارەکانیان بکەن بە شەربەت یاخود سرکە.
ڕۆژانە دەیان هاووڵاتی سەردانی کارگەکەی ئەوان دەکات، بەمەبەستی کەڵک وەرگرتن لە بەرهەمی هەنارەکانی ئەمساڵیان پشتیان پێ دەبەستن.
هەنار، یەکێکە لەو میوانەی لە وەرزی پاییزدا پێ دەگات و لە ناوچە گەرمەکان و کوێستانەکان دەڕوێت، دەیان سوودی تەندروستی هەن لەوانە هۆکارە بۆ لەناوبردنی خانەکانی شێرپەنجە و بەهێزکردنی بەرگری لەش.