مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
(سێنتكۆم) ڕایگەیاند، فەرماندەی هێزەكانی ئەمەریكا لەگەڵ سەركردەكانی هێزەكانی سووریای دیموكراتیك (هەسەدە) كۆبووەتەوە .
فەرماندەیی ناوەندیی ئەمەریكا (سێنتكۆم) لە ڕاگەیاندراوێكدا ئاشكرای دەكات كە ژەنەراڵ مایكڵ ئێریك كوریلا، فەرماندەی هێزەكانی ئەمەریكا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دوێنێ سێشەممە لە سووریا بووە و لەگەڵ فەرماندەكانی هەسەدەدا كۆبووەتەوە.
(سێنتكۆم) لە ڕاگەیاندراوەكەی باسی لە ناوەڕۆكی كۆبوونەوەی فەرماندەكەیان لەگەڵ سەركردەكانی هەسەدە نەكردووە، بەڵام ئاماژەی بەوە كردووە كە ئەمەریكا بە هیچ شێوەیەك ڕێگا نادات داعش سوود لە ڕەوشی ناوچەكە وەربگرێت و جارێكی دیكە خۆی ڕێك بخاتەوە.
سەردانەكەی ژەنەراڵ مایكڵ ئێریك كوریلا لە كاتێكدایە كە هێزەكانی سووریای دیموكرات لەگەڵ هێزە نزیكەكانی توركیا لە چەند ناوچەیەكی ڕۆژئاوای كوردستان لە شەڕێكی سەخت دایە و لەگەڵ ئەوەشدا باس لە دەركەوتنەوەی داعش دەكرێت لە ناوچەكەدا.
هەر لەم چوارچێوەیەدا فڕۆكە جەنگییەكانی ئەمەریكا ڕۆژی یەكشەممەی ڕابردوو، 75 ئامانجی داعشیان لە ناوەڕاستی سووریا پێكاوە.
ئەمەریكا لە ئێستادا نزیكەی 900 سەربازی لە چوارچێوەی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژ بە داعش لە سووریا هەیە و نزیكترین هاوپەیمانی ئەوانیش لە ڕووبەڕووبوونەوەی داعش هێزەكانی سووریای دیموكرات (هەسەدە) یە .