مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
چوار مامۆستای كوردی ڕۆژهەڵاتی كوردستان بە تۆمەتی (كردەوەی دژ بە ئاسایشی نیشتمانی) لە كارەكانیان دوور خرانەوە.
ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بڵاوی كردەوە “چوار مامۆستای كوردی خەڵكی شاری دیواندەرە بە ناوەكانی ئومێد شا محەممەدی، كاوە محەممەد زادە، پەروێز ئەحسەنی و هیوا قورەیشی، لە ئەندامانی لقی دیواندەرەی ئەنجوومەنی پیشەیی مامۆستایانی كوردستان لە لایەن دەستەی ڕاگەیشتن بە سەرپێچییەكانی فەرمانبەرانی وەزارەتی پەروەردە و بارهێنان سزای دوورخستنەوە و دەركران لە ئیشیان بەسەردا سەپێندرا.”
ئەو چوار مامۆستایە دوو ساڵ بەر لە ئێستا دەستگیر كرابوون و لە لایەن دادگای شۆڕشی شاری سنە بە تۆمەتی “كردەوەی دژ بە ئاسایشی نیشتمانی” و ئەندامبوون لە ڕێكخراوێكی كوردی دژە بەری ئێران، بۆ هەر یەكێكیان سزای پێنج ساڵ بەندكردنییان بەسەردا سەپێنرا بوو، بەڵام دوای 76 ڕۆژ دەستبەسەربوون بە دانانی بارمتەی یەك ملیار و نیوی بە شێوەی مەرجدار و كاتی لە كۆتایییەكانی ساڵی 2022 لە بەندیخانەی ئیتلاعاتی سنە ئازاد كرابوون .