”پێویستە عێراق خۆی بەدوور بگرێ لە تێوەگلان لەو بارودۆخەی لە دەوروبەری عێراق دەگوزەرێ”
زارى کرمانجى:
ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ڕایگەیاند: ”كە بڕیار دراوە عێراق خۆی لەو ڕووداوانە بە دوور بگرێ كە لە سووریا ڕوو دەدەن و هەوڵی هێوركردنەوەی دۆخەكە بدرێ”.
ئەمڕۆ سێشەممە 10ى کانوونى یەکەمى 2024، ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لەبارەی پێشهاتەكانی سووریاوە، بە میدیاكانی ڕاگەیاند: ”بڕیار درا عێراق خۆی بە دوور بگرێ لە تێوەگلان لەو بارودۆخەی لە دەوروبەری عێراق دەگوزەرێ، هەوڵ بدا لەگەڵ هەموو وڵاتانی دەوروبەری لە ڕووی دیلپۆماسی و پەیوەندیكردنەوە، سەقامگیری و ئارامی بگەڕێتەوە”.
ئاماژەی بەوەشكردووە: ”هەروەها ئەو گۆڕانكارییەی لە سووریا دروست بووە، كاریگەریی لەسەر ئاسایش و سەقامگیریی سنوورەكانی نێوان عێراق و سووریا نەبێ”.
ڕێبەر ئەحمەد، گوتیشی: ”سیاسەتی ئێمە لەبارەی ئاوارە و پەنابەران، ئەوەیە هەر كەسێك ئازادە لێرە بمێنێتەوە، لێرە نە دەسەڵاتی خۆمان بە كاردێنین، نە بە زۆر كەس دەنێرینەوە، هەر كاتی بارودۆخ ئارام و لەباربوو بۆ گەڕانەوەی پەنابەران، چ لە ناوخۆ و چ لە دەرەوە، حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەموو ئاسانكارییەكیان بۆ دەكا كە ئارەزوومەندانە بە سەربەرزی و شكۆوە بگەڕێنەوە شوێنی خۆیان”.