جەبار عەلی
پرسی پاراستن و پەرەپێدان و پەیوەستبوون بە ژینگە بۆتە مژارێکی جیهانیی، لە هەمانکاتدا پیسبوونی ژینگە هەڕەشەیەکە لەسەر ژیان، ژیار و ژینی بوونەوەرەکان بەگشتی. لەم ماوەیەدا چەندان کۆڕ و کۆڕبەندی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی بۆ گەنگەشەی ئەم باسە بەڕێوەچوون. زۆر باس و خواس قسەیان لەبارەوە کراوە، لێ هەنگاوی کردەیی وەک پێویست نەنراون بۆ چارەسەرکردن، ئەمەش نیشانەی ئەوەیە کەوا قسەی بێ کردار بەهای نییە؛ من ڕەشبین نیم؛ بەڵام ئەو بڕوایەم بۆ دروست بووە، دەشێت لە ڕێگەی یاسا و سزاوە فەرهەنگی ژینگەپارێزی ببێتە کولتوور، نەک ئامۆژگاری و پەیڤی پڕشنگدار، ئەویش لە ڕێگەی پابەندبوون بە سەرووی خۆتەوە… بۆ نموونە فەرهەنگی ژینگەپارێزی دەڤەری بارزان بۆ ئەم هۆکارانە دەگەڕێتەوە ئەوانیش پابەندبوون بە لێڤەگەڕ (مرجع) و سزای دەستنیشانکراو بۆ سەرپێچییەکان… لێرەوە دەمەوێت لەڕێگەی نامەیەکی پێشنیارئامێزەوە دەردەدڵێک لەگەڵ بەرپرسانی خۆجێی شاری سۆران و تەواوی سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بکەم، مەرەم ئەوەیە چۆن بتوانین سۆران ببێتە پێشەنگی پاراستنی ژینگە و پێنگاڤەکان چین؟.
یەکەم: هەر کۆمپانییەک لە سنووری سۆران پرۆژەیەک بە تەندەر وەربگرێت، ناچار بکرێت بە چاندنی چەند نەمامێک، بۆنموونە: ئەگەر گوژمەی پرۆژەکە بگاتە یەک ملیار دینار ئەوا: هەزار نەمام بڕوێنێت،
دووەم: ئەگەر گوژمەکەی بگاتە نیو ملیار دینار ئەوا پێنج سەد نەمام بڕوێنێت،
سێیەم: بەڕێوەبەرایەتی گشتی شارەوانییەکانی سۆران ناوچەیەک دەستنیشان بکات بۆ چاندنی نەمامەکان، لە چوارچێوەی ماستەرپلانی شارەوانییەکانی سنووری خۆی، بۆ ئەوەی دواڕۆژ ببێتە پشتێنەی سەوزایی شارەکە، و دواتر بتوانێت سەروکاری پاراستن و ئاودێری بەشێوەیەکی ئەندازەیی لەگەڵ بکات.
چوارەم: لە ناوچەی پێشەسازی ئۆتۆمۆبێڵ دوکاندارەکان ناچاربکرێن، هەریەکەیان لەبەردم دوکانی خۆی دارێک بچێنێت و چاودێریشی بکات تاوەکو گەشە بکات. ئەمە لە ناو بازاڕ و کوچە کۆڵانەکانیش بگرێتەوە.
پێنجەم: هەر کەسێک ئۆتۆمبێلێکی گرانبەها بکڕێت و لە بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سۆران تۆماربکات. بەتایبەت ئەوانەی نرخیان سەرووی (حەوت دەفتەر دۆلار)ە. ئۆتۆمۆبێلێکی مۆدێل کۆنی خوار دووهەزار بکاتە قوربانی وهەڵوەشێنێتەوە، هەڵبەت ئەمە پێویستی بە بڕیاری وەزارەتی ناوخۆش دەبێت و دەکرێتە ببێتە پڕۆژەیەکی تر. و فراوان بکرێت.
شەشەم: دەکرێت لەبری ڕواندنی نەمام لەلایەن کۆمپانیا بچووکەکانەوە ناچاربکرێن، هەڵپاچینی داری ناوچەشاخاوییەکان ئەنجام بدرێت، بەمەش مەترسی وشکبوون و سووتان کەمتر دەبێتەوە. و گەشەیان خێراتر دەبێت.
حەوتەم: دەکرێت لەباتی فراوانبوونی شار بەشێوەی ئاسۆیی و بەهەداردانی زەوی کشتوکاڵی بەناوی دابەشکردن و شتی تر، بیر لەشێوەی فراوانبوونی ستوونی بکرێتەوە وە بیر لە تاوەر و باڵاخانەی چەند نهۆمی بکرێتەوە، بە ڕەچاوکردنی لایەنی (جیۆلۆجی) پێکهاتەی خاک لە سۆران، ئەگەر وبڕوات و زەوەی کشتوکاڵی دابەشبکرێت، ئەوا لە داهاتوودا بستێک زەوی بەراو کشتوکاڵی نامێنێت. دەکرێت (شینک و گردو تەپۆلکە)کانی بناری چیایی زۆزک و پشت گوندەکانی (گوان) و(ناوکۆک)و تادەگاتە پشت گوندەکانی (دێلزیان و بادلیان) بکرێتە شوێنی نیشتەجێبوون و بالاخانەی چەند تێدا دروست بکرێت.
هەشتەم: من ڕۆڵی دەستەی چاککردن و پاراستنی ژینگە و فەرماندەیی پۆلیسی ژینگە نادیدە ناگرم، لێ تەنها چاودێریکردن و گرتنی ناوە ناوە و سزای کەم و دەستوەردانی ئەم و ئەو لە ئەرکەکانیان لەبابەتی ڕەچاوکردن و بەخشینی خاترانە و شتی تر… بەگەشەی ژینگە نابینم؛ بەڵکوو هەست دەکەم تەنها ئەوە هەیە؛ پارێزگاری لێ دەکرێت.
نۆیەم: لەبەهاری ساڵی (٢٠٢٥) هەموو خاوەن ماڵێکی دانیشتووی شار و شارۆچکەکانی سۆران هانبدرێن، شۆستەی لە بەردەم ماڵەکەیان دارێک بڕوێنێن.
دەیەم: بەشێک لە باخچە و حەوشەی فەرمانگە حکومییەکانی ناو شار وشک هەڵاتوون و وێرانەن و کەش و ژێگەیەکی وایان نییە، سەردانیکار تاوێک لە ژێر سێبەری دارێک بحەسێتەوە و پشوویەک بدات تامامەلەکەی ڕایی دەکرێت. لەم بەهارەدا پێویستە هەموویان ئاگاداربکرێنەوە، بەوەی هەڵمەتێک بکەن بۆ سەوزکردن نەک تەنها بۆ وێنەگرتن بێت.
یازدەم: ساڵانە لەبۆنە جیاوازەکاندا هەڵمەتی نەمام ناشتن هەیە، ئەگەر بە پلان و بەرنامەیەکی زانستی و ئەندازەیی و… بووایە، دەبووایە ئێستا سۆران ببووتایە (ئەمازۆن) لێ، چونکە ڕووکەشانە پرۆسەکان بەڕێووچوونە و بۆ وێنە و نمایشی کەسی بووە، ئەنجامەکەشی ئەوەیە دەیبینین.
دوازدەم: سۆران کەوتۆتە نێوان هەردوو ڕووباری باڵەکیان و کاولۆکان، دەکرێت بیر لە دروستکردنی (کۆڕنێش) بکرێتەوە. بەنداو دروست بکرێت و ئاو گڵبدرێتەوە.
ئەم کارە و هەنگاوەکانی جێبەجێکردنیان کاتیان دەوێت و دەبێت بە یاسا پاڵپشتیان لێ بکرێت و ناکرێت لە خۆمانەوە خەڵک و کۆمپانیاکان ناچار بکەین، بەڵام دەکرێت خەمخۆرانەتر پێنگاڤەکانی پێشڤەچوونی پاراستنی ژینگە بهاوێژرێن، لەپێناو سەوزکردنی شاری سۆران.