یەكێتی بە ئەندازیاری بڕینی بودجە و ناڕەزایەتی و خۆپیشاندان لە دژی حكوومەتی هەرێم دادەنرێت
زاری كرمانجی- سۆران:
یەكێتی لە بەغدا كێشەی بۆ مووچەی دروست كرد، ئێستاش سوودی لەو كەشە وەرگرتووە و شەقام دەجووڵێنێت و هانی فەرمانبەران و مامۆستایان دەدات بایكۆت دەست پێ بكەن.
حكوومەتی هەرێمی كوردستان تەواوی پابەندییە تەكنیكییەكانی بەرامبەر بەغدا جێبەجێ كردووە، كەچی بەغدا پابەند نییە بە بڕیارەكەی دادگەی فیدڕاڵی و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان نانێرێت.
مەسرور بارزانی، سەرۆك وەزیرانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بە مەبەستی چارەكردنی پرسی مووچەی مووچەخۆران چەندین جار سەردانی بەغدای كردووە، جگە لەوەش لەو ماوەیەدا چەندین شاندی ناردووەتە بەغدا بۆ ئەوەی لە رێكارە تەكنییەكان و خواستی بەغدا بكۆڵێتەوە، بەم كارەشی بەغدای بیانوبڕ كردووە، بەڵام هەر جارە و پاساوێك بۆ نەناردنی مووچە لە بەغداوە سەر هەڵدەدات كە لە دەرەنجامدا ئەم پرسە لە بەغدا لە دژی هەرێمی كوردستان بە سیاسی كراوە.
بەبڕوای بەشێك لە چاودێرانی سیاسی، یەكێتی لە ڕێگەی بەرپرسەكانی خۆیەوە بەردەوام هەوڵی داوە ڕێگری بكات لە ڕەوانەكردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم، هەتا ڕێگرە لەوەی نەوتی كوردستان هەناردە بكرێتەوە، ئێستاش لە پشت ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانەكانی سلێمانییە لە دژی حكوومەتی هەرێم، بەمەش زیانێكی گەورە لە قوتابییان و پرۆسەی پەروەردە و فێركردن لەو سنوورە دەكەوێت.