ئەحمەد سابیر : له ئێستادا بابەتی پلە بەرزكردنەوەی مامۆستایان و نیشتەجێبوون كاری لە پێشینەی ئێمەيه
محەممەد مەحموود – سۆران :
یەكێتی مامۆستایانی كوردستان، هەوڵەكانی دەستپێكردووە بۆ پلە بەرزكردنەوەی مامۆستایان و گەڕانەوەی پارەی پاشەكەوت و دروستكردنی یەكەی نیشتەجێبوون بۆ مامۆستایان، سەرۆكی ئەو ڕێكخراوە لە ڕێگەی زاری كرمانجییەوە باس لەوە دەكات پێدانی ئۆتۆمبێل بەشێوەی قیست لە بەرنامە نییە.
ئەحمەد سابیر، سەرۆكی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان لە لێداوانێكی تایبەت بۆ زاری كرمانجی گووتی” بابەتی پلە بەرزكردنەوەی مامۆستایان كاری لە پێشینەی ئێمە و بۆ ئەو مەبەستەش هەوڵەكانی خۆمان دەخەینە گەڕ، لەم پێناوەش نووسراو یاداشتمان داوەتە وەزارەتەكانی دارایی و ئابووری و پەروەردە و خوێندنی باڵا و سەردانی ئەو وەزارەتانەش دەكەین بۆ ئەوەی پلە بەرزكردنەوەی مامۆستایان دەست پێ بكاتەوە”.
سەرۆكی یەكێتی مامۆستایان باس لەوەش دەكات ” بۆ دروستكردنی یەكەی نیشتەجێبوون چەند پرۆژەیەكمان تەواو بوون و مامۆستایان لەناویان نیشتە جێبوونە و دابەش كراون، بۆ ئیدارە سەربەخۆكانیش دەمانەوێت ئەو پرۆژانە بۆ مامۆستایان ئەنجام بدەین لە بواری نیشتەجێبوون بۆ ئەوەی زەوی پێویست دابین بكرێت بۆ دروستكردنی یەكەی نیشتەجێبوون، سەردانی ئیدارە سەربەخۆكانی سۆران و زاخۆش دەكەین بۆ ئەو مەبەستە”.
ئەحمەد سابیر، سەرۆكی یەكێتی مامۆستایان لە كۆتایی قسەكانی باسی لە پێدانی ئۆتۆمبێل بە شێوەی قیست بۆ مامۆستایان و گووتی” دابین كردنی ئۆتۆمبێل بە شێوەی قیست لە بەرنامە نییە، مەرجەكانی كۆمپانیاكان گرانن بۆ ئەوەی ئۆتۆمبێل بەشێوەی قیست بدەن بە مامۆستایان.