سەردار قازی ـ سۆران:
لە هەفتەی رابردووەوە قوتابیانی سكوڵی وەرزشی زانكۆی سۆران، لە خوێندنی وانە پراكتیكیەكان بێبەش بوونە بەهۆی ناكۆكی نێوان زانكۆكە و یانەی وەرزشی سۆران.
لەساتی دامەزراندنیەوە تا چەند رۆژێك پێش ئێستا، بەشی وەرزشی زانكۆی سۆران، لە نێو بینایە، هۆڵ و یاریگەی یانەی سۆران بوو، بەڵام ئێستا بەهۆی ناكۆكی لە نێوان زانكۆ و یانە، بەشی وەرزشی ناچاربوونە شوێنەكە جێبهێڵن و پەنا بۆ شوێنێكی دیكە بەرن.
د. عومەر عالی، سەرۆكی بەشی وەرزش لەزانكۆی سۆران، گرفتەكان لەبەردەم خوێندنی قوتابیانی بەشەكەی دەخاتەروو:” لە دووشەممەی رابردوو ـەوە هیچ وانەیەكی پراكتیكی لەبەشی وەرزشی ئەنجامنەدراوە، بەهۆی ئەوەی یانەی سۆران قوفڵی لە دەرگای یاریگەكەی و هۆڵەكەی داوە.”
سەرۆكی بەشی وەرزش، رێگا چارە دەخاتەروو:” لەئێستادا سەرقاڵی چۆڵكردنی ئەو شوێنەین كە پێشووتر لەیانەی سۆران پێماندرابوو، ناچارین بۆ بەردەوامیدان بە پڕۆگرامی خوێندن، وانە تیۆرییەكان و بەشێك لەوانە پراكتیكیەكان لە بیانەی كۆلێژی زانست بخوێنن، هاوكات هەماهەنگیمان لەگەڵ سەرۆكایەتی زانكۆ كردووە بۆ وانەكانی گۆڕەپان و مەیدان شوێنێك دابین كراوە، هەروەها بۆ ئەو وانانەی لەنێو هۆڵی داخراو دێنە خوێندن، پەنا دەبەینە بەر هۆڵی داخراوی یانەی وەرزشی رواندز، چونكە یانەی سۆران چیتر ئامادەنییە هۆڵەكەیمان پێبدات.”
یانەی سۆران سەبارەت بەو هەڵوێستەی روونكردنەوە دەدات، و پێیان وایە سەرۆكایەتی زانكۆی سۆران پابەندی رێككەوتن نەبوونە.
فەرمان ئیسماعیل، گوتەبێژی یانەی سۆران بەزاری كرمانجی گوت:” لەساڵی 2009 ـە رێككەوتمان لەگەڵ زانكۆ هەبووە كە ئەوان یاریگە نۆژەن بكەنەوە، بەشێوەیەك كەڵكی یاریی كردن بدات نەیانكرد، بڕیاربوو شوێنێك بۆ دەستەی كارگێڕی یانەكە بەكرێ بگیرێت، بەڵام پابەندی ئەوەش نەبوونە.”
فەرمان، درێژەی پێدەدات:” نیگەرانین بەوەی دەرگای یاریگە و هۆڵی داخراو بەرووی قوتابیان دادەخەین، بەڵام هۆكارەكەی زانكۆی سۆرانە، چونكە پابەندی رێككەوتن نەبوونە.”
هەروەها گوتیشی:” دواجار بڕیاربوو شوێنێك بۆ یاریزانە دەرەكییەكانی یانەكە دابین بكەن، بۆ ماوەیەك دابینیان كرد، بەڵام دواتر یاریزانەكانمانیان لەشوێنەكە دەركرد، ئێمەش وەك هەڵوێستێك دەرگامان بەرووی ئەواندا داخست.”