بەپێی راپۆرتێكی ئاژانسی رۆیتەرز، ئێران و میلیشیا هاوپەیمانەكانی لە عێراق، ساڵانە لە رێگەی بەقاچاخ فرۆشتنی نەوتەوە نزیكەی سێ ملیار دۆلاریان دەست دەكەوێت، ئاژانسەكە دەڵێت، ئێستە عێراق تاكە ئومێدی ئابووری ئێرانە.
ئاژانسەكە بەپشتبەستن بە راپۆرتە هەواڵگرییە رۆژئاواییەكان نووسیویەتی: ئێران نەوتەكەی خۆی لە بازاڕەكانی ئاسیا بە ناوی عێراقەوە دەفرۆشێت، ئەمەش بەمەبەستی دووركەوتنەوە لە سزاكانی ئەمەریكایە، بەوەش پشكی نەوتی عێراق لە ئۆپێكی زیاتر كردووە.
ئاژانسەكە دەڵێت، ماوەیەكە ئێران نەوتێكی زۆر بە كارگەكانی ناوخۆی عێراق دەفرۆشێت، لەوانە چەندان كارگەی قیری گەورە هەن كە رۆژانە نەوتی ئێران ساغ دەكەنەوە، بەگوتەی رۆیتەرز، ئەوە لە كاتێكدایە عێراق خۆی خاوەنی نەوتێكی زۆرە.
رۆیتەرز باسی لەوە كردووە، ئێران بەم رێگەیە نزیكەی یەك بۆ سێ ملیار دۆلاری دەست دەكەوێت، بەوەش ئەو وڵاتە سەرەڕای هەبوونی سزاكانی رۆژئاوا توانیویەتی خۆی رابگرێت.
لە راپۆرتەكەی رۆیتەرزدا هاتووە، عەسائیبی ئەهلی حەق و كەتیبەكانی حزبوڵا كە دوو گرووپی زۆر نزیكن لە ئێرانەوە، كۆنترۆڵی ژمارەیەك كارگەی قیریان كردووە، لەبری ئەوەی نەوت لە عێراق وەربگرن بۆ بەرهەمهێنانی قیر، نەوت لە ئێرانەوە هاوردە دەكەن.
سەرچاوەكە باسی لەوە كردووە، ئەم كارانەی ئەو گرووپانە بۆ خۆیان هیچ سوودێكی مادی تێدا نییە، بەڵام بۆیان گرنگە ئێران بەردەوام بێت و ئابوورییەكەی باش بێت.

































































