”ئەو کەس و لایەنەى ڕێگەیان بە ئەنجامدانى زێدەڕۆییەکە داوە ڕێکارى یاساییان لە بەرامبەردا بگیرێتەبەرو وەک تاوانباریش لێپێچنەوەیان لەگەڵ بکرێت”
زارى کرمانجى:
بە سەرپەرشتى وەزیرانى ناوخۆ و شارەوانیى و پارێزگارى هەولێر، کۆبوونەوەیەکى تایبەت بە ڕێگەگرتن و نەهێشتنى زێدەڕۆیی لەسەر موڵکى گشتیى ئەنجامدرا.
راگەیاندنی پارێزگای هەولێر بڵاویکردووەتەوە: “رۆژى چوارشەممە 4 کانوونى یەکەمى 2024، لە پێناو بەرژەوەندى گشتیى و باڵا دەستى یاسا، بە سەرپەرشتى ڕێبەر ئەحمەد، وەزیرى ناوخۆ و ساسان عەونى، وەزیرى شارەوانى و ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر، لە دیوانى پارێزگا، کۆبوونەوەیەکى فراوان بۆ ڕێگەگرتن و نەهێشتنى سەرپێچی و زێدەڕۆیی لەسەر موڵکی حکوومی و گشتیی ئەنجامدرا.”
باس لەوەشکراوە: “لە کۆبوونەوەکەدا، کە هەریەک لە جێگران و یاریدەدەرى پارێزگار و قائیمقام و بەرپرسانى هێزە ئەمنیەکان و بەڕێوەبەرى ناحییەکان و سەرۆک و بەڕێوەبەرانى شارەوانییەکان و لایەنى دیکەى پەیوەندیدار ئامادەیى بوون، وەزیرى ناوخۆ، تیشکى خستەسەر ئەوەى لەو ماوەیەدا هەست دەکرێت زێدەڕۆییەکان ڕوو لە هەڵکشانە و ئەو پرسەش بۆتە مایەى نیگەرانى”.
وەزیرى ناوخۆ لە کۆبوونەوەکە ئەوەى ڕاگەیاند: “دەبێت ئێوەى بەرپرسانى یەکە کارگێڕیى و ئیدارییەکان و فەرمانگە خزمەتگوزارییەکان لە ئاست ئەو بەرپرسیاریەتییە دابن کە پێتان سپێردراوە و نابێت بەرپرسانى ئیداریى خۆیان لەو بەرپرسیاریەتییە ڕاستەقینەى هەیانە بەدەربگرن، سەرجەم دام و دەزگاکانى حکوومەت بەرپرسیارن لە ڕێگریکردن لەو زێدەڕۆییانەى لە سنوورى ئیدارەى ئەوان دەکرێت”.
لە بەشێکى دیکەى قسەکانیدا ئاماژەى بەوەشکردووە: “وەزیری ناوخۆ جەختى لەوە کردەوە، پێویستە بەپێى یاسا و ڕێنماییە بەرکارەکان هەر سەرپێچیەک هەبێت ڕاستەوخۆ بڕیارى چارەسەرکردنى لێبدرێت، ئەو کەس و لایەنەشى ڕێگەیان بە ئەنجامدانى زێدەڕۆییەکە داوە ڕێکارى یاساییان لە بەرامبەردا بگیرێتەبەر و وەک تاوانباریش ئیجرائات لەگەڵ هەموو ئەو کەس و لایەنانە بکرێت کە لەسەرحسێبى خەڵکى هەژار و کەمدەرامەت بازرگانى بە موڵکى حکوومەت و گشتیى دەکەن”.
گوتیشى: “دەبێت لە زووترین کاتدا چارەسەرى ئەو کێشە دیارە بکرێت و ڕێگە نەدرێت چیتر زێدەڕۆیی ئەنجام بدرێت”، بۆ ئەو مەبەستەش وێڕاى ئەوەى هەماهەنگىی و هاوکارى نێوان دەزگا ئەمنیەکان و یەکە ئیداریی و کارگێڕىی و فەرمانگە خزمەتگوزارییەکانى بە پێویست زانى، هەموو پاڵپشتىی و هاریکارییەکى وەزارەتى ناوخۆى بۆ ئامادەبووانى کۆبوونەوە دووپات کردەوە.”
ئەوەش روونکراوەتەوە: “لە تەوەرێکى ترى کۆبوونەوەکەدا، ئەوە خرایە ڕوو کە زۆرجار کێشە و گیروگرفت و ئاستەنگى چاوەروان نەکراو دێنە پێش، بە جۆرێک دەبنە ڕێگر لە بەردەم چارەسەرییەکان و هەڵگرتنى زێدەڕۆییەکان، بۆیە بە پێویستە زانرا هەر زێدەڕۆییەک لەسەر موڵکى گشتیى ئەنجامدرا کە بە هیچ شێوەیەک ڕێگەپێدراو نییە، لایەنى سەرپێچیکار ئاگاداربکرێتەوە ئەو زێدەڕۆییە لاببرێت، بە پێچەوانەوە ئیجرائاتى یاسایی پێویستى لەگەڵ بکرێت.”
هەروەها جەختیش کراوەتەوە، کە لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا لەلایەن ئامادەبووانەوە، دواى خستنەڕووى سەرنج و تێبینیى و ئالیەتى چارەسەرکردنى گونجاو، ئامادەیی خۆیان نیشاندا بۆ جێبەجێکردنى فەرمانەکان.
































































